پێنجشەممە. نیسان 2nd, 2026

بە هۆی بارانەکەی ئەمساڵەوە، جارێکی دیکە تاڤگە جوانەکەی جیانکێ دەرکەوتەوە

لە دەڤەری ڕەنگینی ئامێدی و لە سنووری ناحیەی دێرەلووک سه‌ر به‌ پارێزگای دهۆك، دیمەنێکی سیحراوی دوای چەندین ساڵ دابڕان دووبارە سەری هەڵدایەوە. تاڤگەی "جیانکێ" کە یەکێکە لە دیارترین و دەگمەنترین نیشانەکانی ساڵە پڕ بەرەکەتەکان، جارێکی تر بە تافی ئاوە ڕوونەکەی، سروشتی ناوچەکەی نەخشاندووە. ( Rawan Subhi Obaiullah - ئاژانسی ئانادۆڵو )
سەیرکراوە: (10)

لە دەڤەری ڕەنگینی ئامێدی و لە سنووری ناحیەی دێرەلووک سهر به پارێزگای دهۆک، دیمەنێکی سیحراوی دوای چەندین ساڵ دابڕان دووبارە سەری هەڵدایەوە.

تاڤگەی “جیانکێ” کە یەکێکە لە دیارترین و دەگمەنترین نیشانەکانی ساڵە پڕ بەرەکەتەکان، جارێکی تر بە تافی ئاوە ڕوونەکەی، سروشتی ناوچەکەی نەخشاندووە.

ئەم تاڤگەیە تایبەتمەندییەکی ناوازەی هەیە؛ ئەویش ئەوەیە کە هەموو ساڵێک دروست نابێت، بەڵکو تەنها لەو ساڵانەدا دەردەکەوێتەوە کە بارانێکی زۆر و بێوێنە دەبارێت.

دوای چەندین ساڵ لە وشکی و بێدەنگی، ئەمساڵ بەهۆی ئەو ڕێژە زۆرەی بارانبارین کە سنووری ناحیەی دێرەلووکی گرتەوە، کانییە بەهارییەکان تەقین و “سیلا جیانکێ” جارێکی تر خرۆشایەوە.

بەپێی ئامارەکان، ئهم ساڵ، ناحیەی دێرەلووک لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەرزترین ڕێژەی بارانبارینی تۆمار کردووە کە گەیشتووەتە ١٦٢٥ ملم، ئەم خێر و بێرە بووەتە هۆی ئەوەی ئاوی شیو و دۆڵەکان یەکبگرن و ئەم تاڤگە جوانە دروست بکەن، کە لە کۆتاییدا دەڕژێتە ناو ڕووباری “زێی گەورە”.

ئەم دیمەنە تەنها دیمەنێکی سروشتی نییە، بەڵکو مزگێنییەکی دڵخۆشکەرە بۆ بووژانەوەی ژینگە و نیشانەی ساڵێکی پڕ لە ئاو و ئاوەدانییە بۆ ههرێمی کوردستان.

دێرەلووک، یەکێکە لە ناوچە هەرە سەرنجڕاکێش و گەشتیارییەکانی ههرێمی کوردستان، کە ناوبانگی خۆی لە هەڵکەوتە ناوازەکەیەوە وەرگرتووە لەنێوان سێ ڕووباری گرنگدا، ئەم ناوچەیە خاڵی بەیەکگەیشتنی ڕووباری زێی گەورە و ڕووبارەکانی شێرانک و سپنەیە، تێکەڵبوونی ئاوی ئەم سێ ڕووبارە پێکەوە، نەک هەر سروشتێکی دڵگیر و سەوزایییەکی زۆری بە ناوچەکە بەخشیوە، بەڵکو دێرەلووکی کردووەتە مەڵبەندێکی گرنگی گەشتیاری کە ساڵانە هەزاران کەس بۆ بینینی ئەو دیمەنە بێوێنەیەی ڕژانی ئاوی شێرانک و سپنە بۆ ناو زێی گەورە، ڕووی تێدەکەن.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 171 Today: 2,771 📊 Click Here