کوردستان پرێس – بەغدا فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە حکومەت دەتوانێت ڕێژەی داهاتە نانەوتییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بکاتەوە، بەمەرجێک کۆکردنەوەی باج و گومرک ڕێکبخرێتەوە و خەرجییە زیادەکانی دامەزراوە ئەمنییەکان و دەرماڵەی پلە تایبەتەکان سنووردار بكرێن.
چاکسازی لە کۆکردنەوەی داهات و رێکخستنەوەی خەرجییەکان
بەپێی لێدوانەکانی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، لە ئێستادا نزیکەی ۹۰٪ی داهاتی عێراق پشتبەستوە بە فرۆشتنی نەوت، لەکاتێکدا بەشێک لە داهاتەکانی وەک گومرک و هاتووچۆ بەتەواوی کۆناکرێنەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە بە ڕێکخستنەوەی سیستەمی کۆکردنەوەی دارایی لەلایەن وەزارەتی دارایی و حکومەتەوە، دەکرێت پشکی داهاتی نانەوتی لە ۱۰٪وە بۆ ۲۰٪ یان ۲۵٪ بەرز بکرێتەوە.
لە لایەکی ترەوە، سەبارەت بە خەرجییە سەربازی و ئەمنییەکان جەختی لە چەند خاڵێک کردەوە:
کەمکردنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکان: کەمکردنەوەی ژمارەی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان لە بەرامبەر زیاتر کردنی کارایی و چالاکییەکانیان.
کەمکردنەوەی خەرجییە لۆجستییەکان: سنووردارکردنی خەرجییەکانی پێویست بۆ سووتەمەنی، خۆراک و ئامێرە سەربازییەکان.
داڕشتنەوەی دەرماڵەکان: چاوخەشاندنەوە بە دەرماڵەی مەترسی (خطورة) و حەوافزی هەندێک لە پلە تایبەتەکان کە بارگرانییان لەسەر بودجەی گشتی دروست کردووە.
فرەجۆرکردنی ڕێڕەوەکانی هەناردەی نەوت
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختی لە گرنگیی بەکارهێنانی هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت کردەوە بۆ زیادکردنی داهاتی گشتی:
هێڵی بۆریی تورکیا: ئاماژەی بەوە کرد کە توانای ئەم هێڵە تا ئاستی ۱ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا هەیە، و بەپێی نرخەکانی ئێستای بازاڕ (دەوروبەری ۸۰ دۆلار) دەبێتە هۆی دابینکردنی داهاتێکی باش بۆ وڵات.
هێڵی بۆریی سوریا: دوورخستنەوەی ئاستەنگە سیاسییەکان و بەکارهێنانەوەی ئەم هێڵە دەتوانێت سودێکی زۆر گەورە بگەیەنێت بە هەناردەکردنی نەوتی عێراق.











Leave a Reply