هەرێمی کوردستان گیرۆدەی قەیرانێکی قوڵی بەڕێوەبردن

سەیرکراوە: (57)

سەربەست سەعید ساڵح

چەمکی سەروەری تەنیا بە دەقە دەستوورییەکان، نەخشە ڕەسمییەکان و دانپێنانی نێودەوڵەتی بونیاد نانرێت، بەڵکو پێویستی بە توانای کرداریی ئەکتەرە سیاسییەکان هەیە بۆ کۆنترۆڵکردن، ئاراستەکردن و بەرێوەبردنی سەرچاوەکانی دەسەڵات. مەسەلەکە ئەوە نییە کە هەرێمی کوردستان بە ڕەهایی سەروەریی خۆی لەدەست داوە، بەڵکو ڕاستییە ڕەقەکە لەوەدا بەدی دەکرێت کە چەمکی سەروەری تووشی پووکانەوەی ناوەکی بووەتەوە چونکە ڕەوتی سیاسیی ناوخۆ ناتوانێت گەیشتن بە سازان و ڕێککەوتنی نیشتمانی لە بوارە بنەڕەتییەکانی وەک ئاسایش، ئابووری، ئیدارەدانی گشتی و پەیوەندییە دەرەکییەکاندا بێنێتە دی! هەرێمێک ناتوانێت لە ئاستی دەرەکیدا داوای خۆبەڕێوەبەریی بەرفراوانتر و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی بوبکات، لە کاتێکدا لە ناوخۆدا توانستی ڕێکخستن، هەمئاهەنگی و یەکخستنی ناوەندەکانی دەسەڵاتی خۆی فەراهەم نەکردووە! کاتێک دۆسیەی ئاسایش و سەربازی دابەشی سەر ئاراستەی حزبی دەبێت،

سیاسەتی نەوت و داهاتەکان فاقدی شەفافییەتی کارگێڕیی یەکگرتوو دەبێت، و هێڵە گشتییەکانی پەیوەندییە دەرەکییەکان بەپێی بەرژەوەندیی ناوچەیی دادەڕێژرێن، ئەوا مانای ڕاستەقینەی سەروەری دەگۆڕێت بۆ دروشمێکی ڕووتی میدیایی! پرسیاری جەوهەری لێرەدا ئەوەیە: چۆن دەکرێت داوای دەسەڵاتی ڕەها لە دەرەوە بوبکرێت، کاتێک ناوماڵی سیاسی خاوەنی یەک بڕیاری ئیداریی هاوبەش نەبێت؟ لەم واقیبە تاڵ و تەنزئامێزەدا، مرۆڤ ناچارە زمانی حاڵی سیستەمی سیاسی بەم شێوەیە دەرببرێت: “ئێمە داوای سەروەریی تەواو لە جیهان و بەغدا دەکەین، بەڵام ئامادە نین سەروەریی حزب و زۆنەکانمان بۆ هیچ دامەزراوەیەکی نیشتمانیی هاوبەش ببوێرین!” ئەم قەیرانی بەڕێوەبردنە، زیانی بەپەلە لە پێگەی هەرێم دەدات چونکە دەسەڵاتی نیشتمانی پووچەڵ دەکاتەوە و بڕیاری سیاسی دەکاتە قوربانیی بەرژەوەندییە تەسکەکان. کاتێک ئیدارەدانی دەسەڵات لەسەر بنەمای ناکۆکیی ناوخۆیی بێت،

ئیتر هەر هەوڵێک بۆ پاراستنی مافەکان بەرامبەر دەرەوە دەبێتە مانۆڕێکی بێئەنجام. لە کۆتاییدا، تا ئەو کاتەی لایەنە سیاسییەکان لەوە تێنەگەن کە سەروەری پێویستی بە بەڕێوەبردنی ئاقڵانە و یەکگرتووی ناوخۆیی هەیە، ئەم قەیرانە بەردەوام دەبێت و پێگەی هەرێمیش لە ناوخۆ و دەرەوەدا ڕووبەڕووی داڕمانی زیاتر دەبێتەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 57 Today: 2,157 📊 Click Here