شارەزایەکی ئابووری: لە عێراق چینی مام ناوەندیش بەرەو هەژاری دەڕوات

سەیرکراوە: (1)

نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری عێراق باسی مەترسیە گەورەکانی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی دەکات و دەڵێت، رێژەی هەژاری زۆر زیاتر دەکات و چینی مام ناوەندیش بەرەو هەژاری پەلکێش دەکات.

ئەو شارەزا ئابوورییە کە بەردەوام لەسەر کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی دابەزاندنی بەهای دینار لێکدانەوە و پێشبینی خۆی هەیە دەڵێت: عێراق وڵاتێکی پشتئەستوورە بە هاوردەکردن بۆ دابینکردنی زۆرینەی پێداوستییەکانی ژیان و خۆراک و دەرمان، کاتێک بەهای دینار دادەبەزێت، دراوی بیانی (بەتایبەت دۆلار) گرانتر دەبێت، ئەمەش مانای وایە هاوردەکردنی کاڵاکان تێچووی زیاتری دەوێت.

وەک مەرسوومی ئاماژەی پێداوە، دابەزاندنی بەهای دینار بە ڕێژەی 15% دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی گشتیی نرخەکان لە بازاڕدا بە ڕێژەی 5% بۆ 10%، بۆیە لەبەر ئەوەی توێژە هەژارەکان و کەمدرامەتەکان زۆرترین بەشی داهاتیان بۆ کڕینی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان دەچێت، هەر بەرزبوونەوەیەک لە نرخەکاندا دەستبەجێ ئەوان دەخاتە ژێر هێڵی هەژارییەوە، بەپێی ئەو هاوکێشەیە، دابەزاندنێکی تری لە چەشنی 15% دەتوانێت نزیکەی دوو ملیۆن کەسی تر ڕادەکێشێتە ناو بازنەی هەژارییەوە.

ئەو شارەزا ئابووریە پێی وایە هەر گۆڕانکارییەک لە بەهای دراو یان تێکچوونی هاوسەنگیی نێوان داهاتی نەوت و خەرجییە زۆرەکانی دەوڵەت (بەتایبەت مووچە و خەرجییە بەکاربەرییەکان)، ڕاستەوخۆ کاریگەریی نەرێنی لەسەر هاووڵاتییانی کەمدرامەت دەبێت.

ناوبراو، هۆشداری دەدات لەوەی کە بڕیارە ئابوورییە ناهاوسەنگەکان و کورتهێنانی بەردەوامی بودجە دەبنە هۆی دروستبوونی هەڵاوسانی کوشندە، ئەمەش توانای کڕینی هاووڵاتیی بە تەواوی لاواز دەکات و چینی مامناوەند بەرەو هەژاری پاڵ دەنێت، کە ئەوەش پێچەوانەی ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی کەمکردنەوەی هەژارییە (کە بەپێی ئامارەکانی نوێی پلاندانان لە هەندێک پارێزگادا دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هێشتا لە هەندێک ناوچە وەک موسەننا و بابل و دیوانیە لە ئاستێکی مەترسییدا دەمێنێتەوە).

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 224 Today: 2,185 📊 Click Here