هەینی. ئازار 6th, 2026

ناشڤیل، کوردستانێک لە دڵی ئەمریکا

سەیرکراوە: (1.5K)

شاری ناشڤیل لە ویلایەتی تێنێسیی ئەمریکا پاش وەرگرتنی ئاوارەکانی کورد لە دەیەی 80ی سەدەی بیستەم تا بە ئەمڕۆ حەشیمەتێکی زۆری کوردی لەخۆ گرتووە و بە کوردستانێکی بچکۆلە لە دڵی ئەمریکادا ناسراوە.

ڕادیۆی نیشتمانی ئەمریکا پۆدکاستێکی دەربارەی کورد و ناشڤیل بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە دوو ساڵ پاش ئەوەی شاری هەولێر لە هەرێمی کوردستان بە دەستەخوشکی ناشڤیلی ئەمریکا ناوی لێ برا، ئامادەبوونی کۆمەڵگای کوردی لەو شارەدا زیاتر بەرچاو کەوتووە؛ لە ڕیستۆڕان و بازاڕی کوردییەوە بگرە تا جەژن و ڕێوڕەسمە فەرهەنگی و پڕۆگرامە وەرزشییە کوردییەکانەوە، ناشڤیل بۆتە هێمایەک لە دیاسپۆرای کوردەکان لە ئەمریکا.

پۆدکاستی “نیشتمانێک لە دڵی ئێمەدا” هەوڵی داوە بە ئاوڕدانەوە لە گێڕانەوەی کۆچبەرانی کورد، پەیوەندییەک لە نێوان ڕابردوو و ئێستای کۆمەڵگای کوردی ناشڤیل دروست بکات. ڕۆز گیلبێرت ئامادەکاری پڕۆگرامە، لەو بارەیەوە دەڵێت: هەڵبژاردنی ئەو بابەتە ئاماژە بۆ ڕاستییەکە کە کورد لە دەیان ساڵی ڕابردوودا ناچار لە کۆچ بۆ وڵاتانی تر بە تایبەت ئەمریکا و ئەورووپا بوونە و ئەم ئایدیایە، خاڵی پەیوەندیی بەرە جۆراوجۆرەکانی کۆچبەرانی کوردە کە لە ناشڤیلدا ژیانێکی نوێیان دەست پێکردووە.

ڕوونیشیکردەوە کە بەشێکی گرنگی ئەو مێژووە بۆ دەیەی 1980 دەگەڕێتەوە؛ کاتێک کە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال بە فەرمانی سەدام حسێن بووە هۆی کۆمەڵکوژی و پاکتاوی گەلی کورد لە باکووری عێراق و خاپووربوونی هەزاران گوند و سەدان هەزار ئاوارەی کورد. زۆربەی خێزانە کوردەکان و لەوان خێزانی “نەش چاڵکە” کە باوکیان پێشمەرگە بووە، پاش ساڵانێک هەڵاتن و خۆشاردنەوە لە پەناگە کاتییەکان، دواجار گەیشتوونەتە ئەمریکا و لە ناشڤیل نیشتەجێ بوون: ئێستاکە ناشڤیل بۆ ئەو خێزانە مانای سەرپەنا، خۆڕێکخستنەوە و شوناسی دووبارە دەدات.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ هەلومەرجەکان گۆڕاون و لە ساڵی 2025دا پلانی نیشتەجێتی پەنابەران بەردەوام تووشی ڕاگیڕان دەبێ و کەشی سیاسیی ئەمریکا بە نیسبەتی ڕابردوو کەمتر کۆچبەران وەردەگرێت.

ئەم بابەتە بە تایبەت پاش شەپۆلێکی بەرفراوانی کۆچبەرانی کورد، بەتایبەت کوردانی باکووری کوردستان و تورکیا و لە ڕێگەی سنووری مەکسیکەوە بۆ خاکی ئەمریکا، بەرەوڕووی دژوارییەکی زۆر بۆتەوە، چونکە بەپێچەوانەی بەرەی یەکەمی کۆچبەرانی کوردی عێراقی کە لە ڕێگەی پرۆگرامە ڕێکخراوەکانەوە چوونەتە ئەمریکا، ئەم گرووپە نوێیە بەرەوڕووی ڕەوتی ئاڵۆزی دادگایی و ڕیوشوێنی توندی یاسایی و کۆمەڵایەتین.

ئەم کەلێنە لە نێوان دوو ئەزموونی کۆچبەری نیشان دەدا کە “کوردستانی بچکۆلە”ی شاری ناشڤیل تەنیا گێڕانەوەیەکی کۆچبەری مێژوویی نییە، بەڵکوو ئێستاکە بۆتە شوێنی پێكگەیشتنەوەی دوو واقیعی دژواز: یادەوەریی ئاوارەیی لە دەیەی 1980 و ئاستەنگەکانی پەنابەرێتی لە ئەمریکای ئەمڕۆدا.

بەوەشەوە کۆمەڵگای کوردی لە ناشڤیدا توانیویانە بە پاراستنی نەریت و ڕێوڕەسمەکانی خۆیان، شوناسی خۆیان بپارێزن. بەڕێوەبردنی جەژنی نەورۆز کە لە 1994ـهوە بەردەوام بە ڕێک و پێکی لەو شارەدا بەڕێوە دەچێت، نمونەی بەرچاوی ئەو خۆڕاگرییە فەرهەنگییەیە. کۆبوونەوەی هەزاران کەس نە تەنیا نیشاندەری گرتنی جەژنی دەسپێکی ساڵی نوێ، بەڵکو سەلێنمەری خۆڕاگری و هیوای کۆمەڵگایەکە کە مێژووی پڕ لە ڕەنج و ئازاری خۆی کردۆتە دەرفەتێک بۆ سەرهەڵدانەوەی.

لەو سۆنگەوە “کوردستانی بچکۆلە”ی ناشڤیل بەرزترە لە گەڕەکێکی کۆچبەری و کوردەکانی ئەو کوردستانە ڕەنگدانەوەی ئاستەنگی بەربڵاوتری سیاسەتی کۆچبەریی ئەمریکا و ڕۆڵی دیاسپۆرا لە پێناسەکردنەوەی شوناسەکان لە وڵاتێکی نوێدان. ئەزموونی کوردی ناشڤیل نیشان دەدا کە بڕیارە سیاسییەکانی واشنتۆن لە ئەنفالی سەدامەوە تا سنووردارکردنی ڕێگەی بەردەم پەنابەران، چۆناوچۆن ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر چارەنووسی خەڵکی تاراوەبوو و داهاتووی بەرەکانیان لە ئەمریکادا.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 120 Today: 995 📊 Click Here