شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕێککەوتن کراوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.
وتیشی: “ڕێککەوتنی نەوتی و نانەوتی و خەرجکردنی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان کراوە، ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆپۆزەلی ڕێککەوتنی نوێی نێوان تورکیا و عێراق کۆتایی هاتووە لەنێوان کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیا تورکییەکان بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان”.
شاخەوان عەبدوڵا ڕاشیگەیاند، هیچ پابەندییەک نەماوە، تەنیا ماوەتەوە حکوومەتی عێراق پابەندییە ئەخلاقیی و یاساییەکانی بەرانبەر بەو ڕێککەوتنەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بۆ ناردنی مووچە کراوە جێبەجێ بکات.
لە بارەی گواستنەوەی مامۆستایان بۆ سەر بەغدا وتی: گواستنەوەی مامۆستایان لە چوارچێوەی بودجەدا نەبوو، بەڵام دەسەڵاتی خۆمان وەکوو سەرۆکایەتی بەکارهێنا بە گواستنەوەی 15 هەزار و 900 فەرمانبەر و مامۆستای ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ سەر بەغداد، بەڵام بیری شۆڤێنی ئەوەندە زاڵ بەسەریاندا ئەو گواستنەوەیان بەڕەوا نەبینی و دەنگیان لەسەر نەدا.
