شآرەزایەکی ئابووری لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی نەوت ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت”هەرکات خەمڵاندن کۆتاییهات ئەوکات ڕێککەوتن دەبێت بە هەمیشەیی”.
نەبیل مەرسومی، شارەزای بواری ئابووری و دارایی بڵاویکردەوە، ڕێککەوتنی نێوان هەریم و بەغدا لەسەر پرسی نەوت هەنگاوێکی ئەرێنییە، هاوکات ئەم ڕێککەوتنە سێ قۆڵییە چەند خاڵێک لەخۆدەگرێت لەوانە:
یەکەم: ڕێککەوتنەکە لەگەڵ هەشت کۆمپانیای بیانی ئەنجامدرا. کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی نەرویجی و کۆمپانیاکانی جنێلی تورکی بەهۆی داواکارییان بۆ گەرەنتی بۆ پێدانی باجی دارایی پێشوویان، کە بڕی 300 ملیۆن دۆلار بوو تەنها بۆ دی ئێن ئۆ، لە کۆی گشتی یەک ملیار دۆلار کە گوزارشت لەسەرجەم ئەو باجە داراییە دواکەوتووانە دەکات کە کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان کە لە کوردستان کار دەکەن داوای دەکەن.
دووەم: قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە دەست بە هەناردەکردنی 190 هەزار بەرمیل دەکرێت لە ڕۆژێکدا، لە کۆی بەرهەمی ئێستای 240 هەزار بەرمیل، کە 50 هەزار بەرمیلی دەمێنێتەوە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە.
سێیەم: لە ڕێککەوتنەکەدا تەرخانکردنی بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بۆ دابینکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، بۆ کۆمپانیاکان بە شێوەی نەوتی خاو نەک پارەی نەختینەیی دیاریکراوە.
چوارەم: ئەم ڕێکخستنە تا کۆتایی ساڵ کارا دەمێنێتەوە، و مانگانە لە ساڵی نوێوە نوێ دەکرێتەوە تا کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی تێچووی وردی بەرهەمهێنان دیاری دەکات.
پێنجەم: حکومەتی عێراق ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر داواکاری کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت لە کوردستان کە ڕێککەوتنەکە بە نووسراو بێت نەک بە زارەکی و تۆمار بکرێت. دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس وەک لایەنی حوکمڕان و گەرەنتی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە هەڵبژێردرا.
شەشەم: بڕیارە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیای وود ماکنزی بەریتانی واژۆ بکات بۆ ئەوەی وەک ڕاوێژکاری تەکنیکی خزمەت بکات کە بە وردی تێچووی بەرهەمهێنان دیاری دەکات. ئەوکات دەتوانێت ڕێککەوتنی ئێستا ببێتە ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی.
