سەرۆكی ئەمریكا لە وتاری ساڵیادی دامەزراندنی نەتەوە یەكگرتووەكان بە توندی هێرشی كردە سەر ئەو ڕێكخراوە جیهانییە بەوەی “7 جەنگی لەنێوان وڵاتان ڕاگرتووە، بەڵام نەتەوە یەكگرتووەكان پەیوەندی پێوە نەكردووە و هاوكاری نەكردووە و سوپاسیان نەكردووە” و دەشڵێت: ئێستا ئەمریكا لەسەردەمی زێڕینی خۆیدایە و لەهەموو وڵاتانەوە پارە دەڕژێتە ئەمریكاوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە وتارەكەیدا ڕایگەیاند، لە سەردەمی بایدن ئەمریکا بووە گاڵتەجاری جیهان، ئێستا ئەمریكا لەسەردەمی زێڕینی خۆیدایە و ڕێزی بۆ گەڕاوەتەوە و وەبەرهێنانی زۆر لە وڵاتدا دەكرێت و لە هەموو وڵاتانەوە پارە دەڕژێتە ئەمریكا و چەندین ڕێككەوتنمان لەگەڵ سعودیە و ئیمارات و وڵاتانی دیكە كردووە.
ڕاشیگەیاند، لە سەردەمی سەرۆكایەتیمدا 7 جەنگم ڕاگرتووە و داوا لە وڵاتان دەكەم لەگەڵم هاوكار بن تا كۆتایی بە جەنگەكانی دیكە لە غەززە و ئۆكراینا بهێنم، بەڵام نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكارمان نەبووە و پەیوەندییان پێوە نەكردووم و تەنانەت سوپاسیشیان نەكردووم.
وتیشی، “نەتەوە یەكگرتووەكان هیچی نەكردووە بۆ ڕاگرتنی جەنگ، ئەوان تەنها قسەی بەتاڵ دەكەن، چۆن جەنگ بە قسەی بەتاڵ ڕادەگیرێت؟
دەشڵێت: دەبوو لەسەر ڕاگرتنی ئەم جەنگانە خەڵاتی نۆبڵ وەربگرم، كە بەلای منەوە خەڵات گرنگ نییە، بەڵكو گرنگ ئەوەیە منداڵان لەگەڵ دایك و باوكیان بن و لە جەنگدا نەبن بە قوربانی.
جەختیشی كردەوە، ئێستا لە دوو كیشوەر شەڕ هەیە و هەندێك وڵات دەڵێن، شەڕ بەرامبەر بە ڕوسیا دەكەین، كەچی خۆیان سووتەمەنی لەو وڵاتە دەكڕن، ئیتر چۆن ئەوە دەكەن؟ بۆیە من دەمەوێت جەنگی ئۆكراینا ڕابگیرێت و ئەگەر ڕوسیا ئامادەنەبێت من ئامادەم سزای قورسیان بدەم، بۆ غەززەش دەێت سەرجەم بارمتەكان ڕزگار بكرێن و من دەتوانم زۆر بە ئاسانی ئەو جەنگە ڕابگرم.
ئاماژەی بەوەشدا، زۆر بە توندی لە ئێرانمان دا، چونكە ئەو وڵاتە سەرچاوەی تیرۆرە لە ناوچەكە.
ترەمپ جارێكی دیكە هێرشی كردەوە سەر نەتەوە یەكگرتووەكان و دەڵێت: ئێمە ڕێگری لە كۆچی نایاسایی دەكەین و ئەگەر دەستگیریان بكەین یان دەیانخەیننە زیندان یان دەیاننێرینەوە بۆ وڵاتەكان، بەلام نەتەوە یەكگرتووەكان خێوەتیان بۆ دروست دەكات، كە ئەوەش هانی كۆچی نایاسایی دەدات.
