“ئامادەکارییەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردن تەواو بووە”

سەیرکراوە: (1.6K)

سەرۆکی دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردن زانیاری ئاشکرا کرد و دەڵێت”لە ھەڵبژاردنی ڕابردوو کێشەی پەنجەمۆری دەنگدەران ھەبوو، بۆ ئەم ھەڵبژاردنە چارەسەری ئەو کێشەیان کردووە.”.

ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکی دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق لەگەڵ نێردە دیپلۆماسی و کۆنسوڵخانەکانی وڵاتان لە ھەرێم کۆبووەوە و دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا تیشکی خستەسەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە.

سەرۆکی دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، نەبەرد عومەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا وتی “ئەمڕۆ لەگەڵ نێردە دیپلۆماسییەکان و کۆنسوڵخانەکانی وڵاتان لە ھەرێم، کۆبووینەوە و تێیدا شیکردنەوەمان بۆ دۆخی ھەڵبژاردن کرد و داواشمان لێکردن کە خۆیان تۆمار بکەن وەک چاودێری نێودەوڵەتی، ھەروەھا لە ھەڵبژاردنی ڕابردوودا کێشەی خوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران ھەبوو، بۆ ئەمجارە کێشەکە چارەسەرکراوە بەوەی ئامێرێکی زیادە لە بنکەکان دانراوە کە ڕووخساری دەنگدەران دەخوێنێتەوە”.

نەبەرد عومەر وتیشی، نزیکەی سەدا ٩٨ـی ئامادەکارییەکان تەواو بووە، ئامێرەکان پشکنینی بۆ کراوە و ئامادەن، نێردە دیپلۆماسییەکان و چەند کۆنسوڵخانەیەک خۆیان تۆمار کردووە کە نزیکەی ١٠ ڕێکخراو و کۆنسوڵخانە دەبن، پێشبینی دەکەین لە بەیانییەوە ئەوانی دیکەش دەست بە خۆتۆمارکردن بکەن وەک چاودێر لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن، ھەروەھا ڕۆژی دەنگدانیش ھاتووچۆی نێوان شارەکان و فڕۆکەخانەکان ئاساییە و ھیچ قەدەغەیەکی ھاتوچۆ نیە.

لەبارەی ژمارەی ئەو سەرپێچییانەی تۆمارکراون، نەبەرد عومەر ڕایگەیاند، تا ئێستا لایەنە سیاسییەکان بە شێوەیەکی سەردەمییانە بانگەشە دەکەن، بەشێوەیەکی گشتی نزیکەی ھەشت سەرپێچی لە ھەولێر، دھۆک و سلێمانی تۆمار کراوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بە ژمارەی کارتەکانی دەنگدەران لە ھەرێم کرد و وتی، تا ئێستا نزیکەی ٣٨٨ ھەزار کارتی دەنگدانمان ھەبوو، ھەموو گەڕاوەتەوە و تەنیا ٤١ ھەزار ماوەتەوە و ئەوانیش بەیانی دەگەنەوە، ھەروەھا لە بنکەکانی دەنگدان نزیکەی ٢٥ ھەزار کارتی دەنگدان ماوە و داوا لە ھاووڵاتییان دەکەن تا ٥ی تشرینی دووەم مۆڵەتیان ھەیە بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانییان.

ئەمە لە کاتێکدایە بڕیارە ١١ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێڕاق بەڕێوەبچێت و سەرجەم لایەنەکان دەستیان بە بانگەشەی ھەڵبژاردن کردووە و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێڕاقیش ڕایگەیاندووە کە پشکنینی بۆ سەرجەم ئامێرەکان کردووە و ئامادەکارییەکانی تەواو کراوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 92 Today: 2,074 📊 Click Here