بافڵ تاڵەبانی: دەرفەتی گەورە بۆ کورد هاتووەتە پێشەوە

سەیرکراوە: (14)

بافڵ تاڵەبانی، لە دیداری مێری ڕایگەیاند، ناوچەکە لەبەردەم هەڕەشەدایە و دەرفەتی گەورەش بۆ کورد هاتووەتە پێشەوە، دەشڵێت، یەکێتی پیاوی هیچ حزبێک نییە.

لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی ساڵانەی مێری، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پانێڵێکی تایبەتدا وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە.

بافڵ تاڵەبانی، لە وتارەکەیدا هۆشداریی دا لەو ئاڵۆزییانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێن و ڕایگەیاند، کە ناوچەکە بە گشتی لەبەردەم هەڕەشە و مەترسیی گەورەدایە.

ئاماژەی بەوەش کرد، کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە ناسەقامگیرە، پێویستە لایەنە کوردییەکان ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و هەنگاوی کرداری بنێن، چونکە بە وتەی ئەو “دەبێت ئێمەش لە ناوخۆی خۆماندا ڕێککەوتن بکەین بۆ پاراستنی قەوارەکەمان”.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بارودۆخی ناوخۆی پایتەختی عێراق، سەرۆکی یەکێتی ڕاشکاوانە باسی لەوە کرد کە دۆخی بەغدا خراپە و پێویستی بە چاوخشاندنەوە و چارەسەری ڕیشەیی هەیە. بەڵام لە هەمان کاتدا جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای ئەم تەنگژە و ئاڵۆزییانە، لە ئێستادا هەلێکی گەورە بۆ کورد لە ئارادایە کە دەکرێت لە ڕێگەی یەکدەنگی و داڕشتنی ستراتیژێکی هاوبەشەوە سوودی لێ ببینرێت.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا لەبارەی هاوکێشە هەرێمایەتییەکان و پرسی کورد لە وڵاتانی دراوسێ، بافڵ تاڵەبانی گەشبینی خۆی نیشان دا و ڕایگەیاند ،کە لە ئێستادا دەرفەتێکی باشی ئاشتی بۆ کوردان لە ئێران دەبینێت، کە ئەمەش دەتوانێت دەرگای نوێ بەڕووی سەقامگیری و چارەسەری ئاشتییانەی دۆزی کورد لە ناوچەکەدا بکاتەوە.

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بە گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکان لە عێراق کرد و ڕایگەیاند، کە ئێستا ساڵی 2003 نییە لە بەغدا، بەڵکو دۆخەکە گۆڕاوە و پەیوەندییەکانی ئەوان لە پایتەخت زۆر باشن.

بافڵ تاڵەبانی، جەختی لە گرنگیی یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکان کردەوە و ئاشکرای کرد کە ئەگەر لە بەغدا هاوکار و یەکدەنگ بین، ئەوا هەموومان قازانج دەکەین؛ ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان تا سوود لەم پەیوەندییە باشانە وەربگرێت، بەتایبەت کە سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق هیچ ناکۆکییەکی لەگەڵ کورد نییە.

سەرۆکی یەکێتی ڕوونی کردەوە، کە حزبەکەی هەنگاوەکانی لە پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانیدا زۆر وازح و ڕوونن. ئەو بە متمانەبەخۆبوونەوە جەختی لە سەرکەوتنەکانی حزبەکەی کردەوە و ڕایگەیاند ،کە «ئێمە توانیمان» بەسەر کۆسپەکاندا زاڵ بین، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو دەستکەوت و سەقامگیرییە سیاسییەی کە یەکێتی لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر ئاستی هەرێم و بەغدا بەدیهێناوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 106 Today: 2,666 📊 Click Here