بافڵ تاڵەبانی: لە سلێمانی بە پارەی خۆمان پڕۆژە دەکەین

سەیرکراوە: (1.2K)

لە دواین کەرنەڤاڵی جەماوەریی لیستی (222)ی یەکێتی لە یارگای یانەی سلێمانی، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا باسی ڕکابەرەکانی کرد، هاوکات بەڵێنی خزمەتکردنی زیاتری بە خەڵکی کوردستان و پاراستنی مافەکانیان لە بەغداد دا، وتیشی، بە پارەی خۆمان لە سلێمانی پڕۆژە دەکەین حکومەت پارەی بۆ نانێرێت.

سەرۆکی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجیان لە چوون بۆ بەغداد، بەدەستهێنانی مافەکانی خەڵکە و وتی: “لە پێناو مافەکانی هاووڵاتییان دەچینە بەغداد، چونکە یەکێتی هێزی ئێوەیە لەوێ. یەکێتی تەنها حیزبە لە بەغداد کاری پێدەکرێت”.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، “تەنها یەکێتییە کە بەهۆی پەیوەندییە باشەکەیەوە دەتوانێت کار بۆ ئێوە بکات لە بەغداد. هەمووتان دەزانن ئێمە دەتوانین کێشەکانتان لەوێ بۆ چارەسەر بکەین.” هەروەها بەڵێنی دا: “کوردستان و عێراق بۆ پێشەوە دەبەین و دەبینە هێزی هەموو خەڵک لە بەغداد، لەوێشەوە ئابووریی کوردستان بەهێز دەکەین.”

بافڵ تاڵەبانی بە توندی هێرشی کردە سەر پارتی و ڕووداوی 31ی ئابی 1996ی بە “ڕۆژێکی ڕەش لە مێژووی کورد” و “برینێک لەسەر دڵی هەموو کوردێک” ناوبرد و وتی: “کەس 31ی ئاب لەبیر ناکات”.

باسی لەوەشکرد: “دوای 31ی ئاب وتیان ئێمە و سەدام حسێن دوژمن نین. ئەوانەی دوای ئەنفال سواری تانکی بەعس بوون ناتوانن کەس ڕزگار بکەن. ئەوانەی خیانەتیان لە خەڵکی کوردستان کرد نابێت باسی کوردایەتیمان بۆ بکەن”.

سەرۆکی یەکێتی ڕکابەرەکانی بە “خاکفرۆش” تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند: “خەڵکی کوردستان باش دەزانن کێ خاکەکەمان دەفرۆشێت و هەمووان باش دەزانن کێ خاکفرۆشە. لەئێستادا ئەوان خاکی کوردستان دەفرۆشن بە تورکیا”.

هەروەها وتی: “ئەوانەی بازرگانییان لەگەڵ داعش دەکرد ئێستا باسی کوردایەتی دەکەن، هەمووتان دەزانن کێ لە داگیرکردن و هێرشکردنە سەر گوندەکانمان خەتابارە.” ئاماژەی بەوەشکرد کە “دەیان دۆسیەی گەندەڵییان لە وڵاتان هەیە” و “خەڵک دەزانێت کێ کێشەی مووچەی درووستکرد”.

سەبارەت بە دۆخی سلێمانی و ئازادی، تاڵەبانی وتی: “ئەوان ناتوانن سلێمانی کۆنترۆڵ بکەن، چونکە لێرە ئازادی هەیە و هەموو کەس دەتوانێت بۆچوونی خۆی دەربڕێت”.

بافڵ تاڵەبانی وتیشی: “ئەوانەی زیندانەکان پڕ دەکەن لە چالاکوان و ڕۆژنامەنووس و خەڵکی ئازادیخواز، نابێت باسی ئازادیمان بۆ بکەن. ئێمە بەرگری لە ئازادییەکان دەکەین و ڕێگری لە دەنگی ئازاد ناکەین”.

بافڵ تاڵەبانی بەڵێنی خزمەتکردنی بێ جیاوازی دا و وتی: “هەرکەس لەم وڵاتە بژی ئێمە خزمەتی دەکەین”، ئاماژەی بە دەستکەوتەکانی حزبەکەی کرد و وتی: “ئەو کارەبایەی هەمانە بەرهەمی ئەو گازەیە کە نەمانهێشت تاڵانی بکەن، بەهۆی یەکێتییەوە خەڵکی کوردستان کارەبای 24 سەعاتییان هەیە”.

جەختی لەوەش کردەوە کە “پرۆژەکان لە سلێمانی حکومەت نایکات و بە پارەی یەکێتی دەکرێن” و وتی: “لەماوەی سێ ساڵدا سلێمانی گەشەی زۆری کردووە و جارێکی تر دەیکەینەوە بە ئەڵماسەکەی ناو تاجی عێراق. بۆ چوار ساڵی ئایندەش بەڵێنی خۆشگوزەرانیتان پێدەدەین”.

لە کۆتایی وتارەکەیدا، بافڵ تاڵەبانی دووپاتیکردەوە کە “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان موڵکی خەڵکە” و وتی: “کەس ناتوانێت ئێمە بکڕێت و داگیرمان بکات. ڕکابەری یەکێتی تەنها یەکێتییە.” ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە ڕکابەرەکانیان “بەقسەی کاک مەسعودیان نەکرد و بانگەشەی هێمنانەیان نەکرد”.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 133 Today: 1,353 📊 Click Here