سودانی لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی دورخرایەوە

سەیرکراوە: (1.2K)

ئامادەنەبوونێک گومانی درووستکرد لە ساتێکی هەستیارد؛ چی لەپشت دوورخستنەوەی سوودانی لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە؟

نەبوونی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سوودانی لە کۆبوونەوەی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، لە کاتێکی وەک ئێستادا کە بە “هەستیارترین” کاتی قۆناغی ئێستا ناودەبرێت، زنجیرەیەک پرسیاری لەبارەی سروشتی پەیوەندیی نێوان حکومەت و لایەنە سیاسییە پشتیوانیکارەکانی، و ئاراستەی داهاتووی گۆڕەپانی سیاسی وڵات، دروست کرد.

مامۆستای زانستە سیاسییەکان جاسم حەریری لە لێدوانێکدا بۆ “بەغدا ئەلیەوم”، رایگەیاندووە، نەبوونی سوودانی ناتوانرێت وەک تەنها کارێکی پڕۆتۆکۆلیی تێپەڕیو هەژمار بکرێت، بەڵکو مانای سیاسیی قووڵ هەڵدەگرێت، بەتایبەتی لە سایەی زیادبوونی دۆسییە گوشارخەرەکانی پەیوەست بە بەڕێوەبردنی دەوڵەت، و نزیکبوونەوەی کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمان و گرژییە هەرێمییەکان کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ناوخۆی عێراق دەبێت.

حەریری ڕوونیکردەوە، کە “ئەم نەبوونە ئارەزووی سەرۆک وەزیران دەردەخات بۆ دووپاتکردنەوەی سەربەخۆیی بڕیاری حکومەت لە کاریگەریی کوتلە سیاسییەکان، و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی وێنەی دەوڵەتێک کە لەلایەن دامەزراوە جێبەجێکارەکانەوە بەڕێوەدەبرێت نەک حیزبەکان”.

ئاماژەی بەوەشدا کە “ناکۆکییە کپکراوەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی باڵادەستی و ڕێڕەوەکانی چاکسازی، ڕەهەندێکی دیکە بەم ئامادەنەبووونە دەبەخشێت.”

ناوبراو ڕاشیگەیاندووە، سوودانی هەوڵی هاوسەنگکردنی نێوان گوشارەکانی ناوخۆ و ئاڵنگارییەکانی دەرەوە دەدات، لە کاتێکدا عێراق ڕووبەڕووی دۆسییەی ئاڵۆزی پەیوەست بە ئاسایش، وزە و پەیوەندییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبێتەوە.

حەریری وتوشیەتی، هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئارەزوو دەکەن سوودانی لە ڕووی سیاسییەوە لێیانەوە نزیک بێت و گەرەنتی بەرژەوەندییەکانیان بێت، لە کاتێکدا ئەو هەوڵ دەدات پێگەی خۆی وەک سەرکردەیەکی جێبەجێکار بۆ دەوڵەت بچەسپێنێت نەک وەک ڕوویەکی حیزبێک یان لایەنێک.

حەریری لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەداوە “بەردەوامبوونی دوورکەوتنەوەی هەڵوێستەکانی نێوان سوودانی و هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەبێ لێکگەیشتنی ڕوون، ڕەنگە دەرگا بکاتەوە بۆ ئاڵنگاریی گەورەتر بۆ حکومەت لە قۆناغی داهاتوودا، بەتایبەتی لەگەڵ زیادبوونی داواکارییە جەماوەری و سیاسییەکان بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی بەرچاو و بەدەستهێنانی سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی ڕاستەقینە.”

نەبوونی سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کاتێکدایە کە گۆڕەپانی سیاسی عێراق گرژییەکی کپکراو لە نێوان حکومەت و هێزە پشتیوانیکارەکانیدا بەخۆیەوە دەبینێت، لەناو زیادبوونی گفتوگۆکان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو، دۆسییەکانی چاکسازی، بەڕێوەبردن و ئابووری.

چوارچێوەی هەماهەنگی، کە دیارترین هێزە شیعەکانی پشتیوانیکاری حکومەت لەخۆدەگرێت، ئەو پایە سیاسییە سەرەکییەیە کە سوودانی گەیاندە سەرۆکایەتیی وەزیران. بەڵام مانگەکانی ڕابردوو شاهیدی ئاڵۆزی نێوانیان بوو لە هەڵوێستەکان لەبارەی دابەشکردنی باڵادەستی و میکانیزمەکانی بڕیاردان لەناو دەوڵەتدا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 246 Today: 1,612 📊 Click Here