دوو تۆمەتباری داواکراوی دادگا دەستگیرکران کە خەڵکی پارێزگای دهۆکن و بە مەبەستی خۆدزینەوە لە سزاکانی یاسا روویان لە پارێزگای سلێمانی کردبوو.
ئەمڕۆ دووشەممە، پۆلیسی پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند، ماوەیەکی زۆرە هەردوو تۆمەتبار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لایڤیان دەکردەوە و بێڕێزییان بە خەڵکی پارێزگای دهۆک و دامودەزگاکانی حکومەت و چەندین کەسایەتی کردووە.
ڕوونیشیکردەوە کە دوای ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو تۆمەتبارانە لە دادگای لێکۆڵینەوەی دهۆک دەرچوو، بە هەوڵ و بەدواداچوونی بەردەوامی پۆلیس و دەزگاکانی ئاسایشی پارێزگای دهۆک و بە هەماهەنگی و هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، هەردوو تۆمەتبار لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیرکران و رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆک کران.
ئەوەشی خستەڕوو کە ئێستا لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبارەکان دەکرێت و بە پێی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، رووبەڕووی دادگا و یاسا دەکرێنەوە.
پۆلیسی پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند، بە پێویستی دەزانین سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بکەین بۆ هەماهەنگی بەردەوامیان لە دەستگیرکردنی تۆمەتبار و داواکراوانی دادگا.












Leave a Reply