وەزارەتی بازرگانی عێراق کارا کردنی خزمەتگوزاری جیاکردنەوەی خێزانەکانی لە تەواوی عێراق ڕاگەیاند، باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا خزمەتگوزارییەکە بۆ تەواوی هاووڵاتییان لە سەرجەم لقەکانی کۆبۆنی خۆراکدا بەردەست و کراوەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند، کە خزمەتگوزاریی جیاکردنەوەی خێزانەکان لە لقەکانی کۆبۆنی خۆراکی (نەینەوا، کەرکوک، سلێمانی، هەولێر، هەڵەبجە، بەسرە، زیقار، میسان، دیوانییە، موسەننا، سەڵاحەددین، ئەنبار و بەلەد) لە ڕێگەی بەرنامەی ئەلیکترۆنیی کۆبۆنی خۆراکەوە کارا کراوە.
تاڵیب حەسەن نیعمەت، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پلان دانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند: ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتدایە بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی کۆبۆنی خۆراک و ئاسانکاریی لە ڕێکارەکان بۆ هاووڵاتییان لە ڕێگەی بەکارهێنانی سیستمە ئەلیکترۆنییە هاوچەرخەکانەوە.
هەروەک ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر ئەم خزمەتگوزارییە لە تەواوی لقەکانی بەغداد و لقەکانی کۆبۆنی خۆراکی (واست، دهۆک، بابل، دیالە) کارا کرابوو، بەمەش لە ئێستادا خزمەتگوزارییەکە بۆ تەواوی هاووڵاتییان لە سەرجەم لقەکانی کۆبۆنی خۆراکدا بەردەست و کراوەیە.












Leave a Reply