بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ پرۆسەی حەجی ٢٠٢٦ رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ١٣\١١\٢٠٢٥ دەست بە تاقیکردنەوەی مورشیدی ئایینی دەکات و تاقیکردنەوەکەش لەسەر هەردوو کتێبی (کتاب الحج ) منهاج النووی و (کتاب الحج ) فقه المنهجی دەبێت.
كاروان ستونی، وتەبێژی حەج و عومرەی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بە فەرمانی وەزاری، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لیژنەیەکی پسپۆر و شارەزا ڕاسپێردراون بۆ سەرپەرشتیکردنی تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی مامۆستایانی ئایینی بۆ مورشیدی حەجی ساڵی ٢٠٢٦ و تاقیکردنەوەی هەموو مامۆستایان لەیەک کاتدا ئەنجام دەدرێت و پرسیارەکانیش بۆ هەموو مامۆستایانی بەشداربوو لە هەموو هەرێمی کوردستان یەک پرسیارە و هیچ جیاوازییەک نییە لەیەک کاتیشدا تاقیکردنەوەکە دەست پێدەکات و کۆتایی پێدێت.
ڕاشیگەیاندووە، تاقیکردنەوەکە لە کاتژمێر (٩)ی بەیانی رۆژی پێنج شەممە لە هەرسێ شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک ئەنجام دەدرێت بەجۆرێک مامۆستایانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و لە مزگەوتی ( سەواف)، لە پارێزگای هەولێر تاقیکردنەوە دەکەن کە ژمارەیان ١٥٠ مامۆستایە و مامۆستایانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەرین لە مزگەوتی (مامۆستا عبدالکریم مودەرس) لە شاری سلێمانی تاقیکردنەوە دەکەن و مامۆستایانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە مزگەوتی (جودی) لە شاری دهۆک تاقیکردنەوە دەکەن.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەمساڵ بۆ یەکەم جارە بە فەرمانی مەسرور بارزانی لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم تۆمارکردنی ناوی حاجیان و مامۆستایانی ئایینی و پزیشکان و کەسوکاری شەهیدان و خاوەن کۆمپانیاکان بە سیستەمی کراوە و هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەبووە لە ماڵی خۆی بە بێ ڕۆتین و بێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەک بدات خۆی بۆ حەجی ٢٠٢٦ ناونووس بکات.
وتیشی، “لە هەموو هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٤٠٠ مامۆستای ئایینی بە سیستمی ئەلیکترۆنی داواکاری بوون بە مورشیدی ئایینی بۆ پرۆسەی حەجی ٢٠٢٦ پێشکەش کردووە و بڕیارە لە پرۆسەیەکی شەفاف و بە شێوەی تاقیکردنەوە مامۆستایانی سەرکەوتوو هەڵبژێردرین و هەر مامۆستایەک کۆنمرەی لە سەدا ٧٥ بهێنێت چانسی دەبێت کە وەکوو مورشیدی ئایینی حەج بکات و کەمتر لەو کۆنمرەیە بە هیچ شێوەیەک بەشدار نابێت لە کێبڕکێ مورشیدی حەجی ٢٠٢٦”.
ئاشكراشی كردووە، تەنها لەماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٨٠ مامۆستای ئایینی پرۆسەی حەجیان وەکوو مورشید و موفتی بە خۆڕایی و بێ بەرامبەر ئەنجام دراوە و زیاتر لە ٧٠٠ مامۆستای ئایینییش سوودمەند بوون لە گەشتی عومرە بەشێوەیەکی بێ بەرامبەر و بە خۆرایی و پرۆسەکەیش تاوەکو ئێستا بەردەوامە.











Leave a Reply