بەڕێوەبەری نووسینگەی رزگاركردنی ڕفێنراوانی ئێزیدی ڕایگەیاند، لە ساڵی 2014وە تا ئێستا سێ هەزار و 593 ھاووڵاتیی ئێزدییان لە دەستی ڕێکخراوی تیرۆريستی داعش رزگار کردووە، دوێنێش دوو ژنی دیکەی ڕفێندراوی ئێزدی رزگارکران.
حوسێن قائیدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە دھۆک، رزگاربوونی دوو ژنی دیکەی ئێزدی ڕاگەیاند و وتی: “دوو ژنی تری ڕفێندراوی ئێزدی رزگارمان کردووە، کە لە دەرەوەی عێراق بوون، ھەردووکیان خەڵکی شنگالن، تەمەنیان 21 ساڵ و 26 ساڵە کە 11 ساڵ بوو لە دەستی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش دابوون و زۆر ئەشکەنجەدان و ئازار و مەینەتییان چێشتووە، چەندین جار کڕین و فرۆشتن پێ کراوە”.
بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕزگاركردنی ڕفێنراوانی ئێزیدی ڕایگەیاند: “لە ساڵی 2014وە تا ئێستا سێ هەزار و 593 ھاووڵاتیی ئێزدییان لە دەستی داعش رزگار کردووە و نزیکەی دوو هەزار و 500 کوردی ئێزدی تا ئێستا بێسەروشوێنن، بەڵام توانیمانە چەند زانیاری لە سەر ئەو بێسەروشوێنانە ئاشکرا بکەین کە ھەندێکیان لە وڵاتی عێراقن و ھەندێکیان لە دەرەوەی عێراقن، ئێمە بەردەوام لە ھەوڵداین بۆ ئاشکراکردن و رزگارکردنی ھەموو بێسەروشوێنان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە سەر ھێڵە کە ئەوەی پێویستە بۆ رزگارکردنی ئەو ئێزدییەکان بکرێت و ڕزگارکردنییان بە خەمی خۆی زانیوە، ئێستاش ئێمە کار لەسەر چەند کەیسی تر دەکەین، لە رۆژانی داھاتوو دا ھەواڵی خۆش دەبیستن سەبارەت بە رزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی”.
ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین ژن و کچی ڕفێنراوى ئێزدی لەناو کەمپی ھۆڵن لە سووریا، دوای نەمانی ڕێکخراوی تیرۆريستی داعش لە ساڵی 2017 چەندین کەیسمان لەو کەمپە ھەبوو کە چەندین ژن و کچی ئێزدی لەو کەمپەدان، بەڵام بەم دواییە حکومەتی عێراق دەستی کرد بە گواستنەوەی خێزانی کەسوکاری ڕێکخراوی تیرۆريستی داعش بۆ کەمپی جەدعە لە باشووری شاری مووسڵ، زۆر جار داوامان کرد لە پرۆسەی گواستنەوەکەدا، نوێنەرێکی نووسینگەی رزگارکردنی ڕفێندراوانی کوردی ئێزدی یان نوێنەرێکی حکومەتی ھەرێمى کوردستان تێدا بێت بۆ ئەوەی بزانین لە پرۆسەی گواستنەوەدا ھیچ کچ و ژنی ڕفێندراوی ئێزدی تێدایە، بەڵام حکومەتی عێراق ڕەزامەندی لەسەر دەرنەبڕی و لە رۆژی یەکەمە کە داعش ھێرشی کردە سەر شنگال و ئەو ژمارە زۆرە ئێزدییەکان ڕفاند، عێراق یەک ھەنگاوی نەناوە بۆ یەک ڕفێنراوی ئێزدییش.
لە ھێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014، ڕێکخراوی تیرۆريستی داعش شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی ڕفاند و ژمارەیەکیشی لێ کوشتن، ھەروەھا بەشێک لە ڕفێنراوەکانیشی کوشت.

Leave a Reply