کاروان ئەنوەر
یەك تۆپەڵ كلیلم بەدەرگای ژوورەكەمەوە لەبیرچوبوو، لە دەباشانەوە تا گەشتمەوە ناو شار، نەمزانی بیرمچوە، بەڵام كە ویستم دەرگا بكەمەوە، كلیلم پێنەبوو، یەكسەر بیرم بۆ نەخۆشی زەهایمەر، ئەڵزایمەر، (Alzheimer’s) چوو، ئێ بەناچاریی لە ئێوارەیەكی قەرەباڵغی ناوشاردا، راستەوڕاست گەڕامەوە بۆ كوردسات، قەرەباڵغی جادەوبان لەو ساتەدا لە لوتكەدا بوو، خۆشبەختانە نزیكەی 40 خولەكم پێچوو تا لەناوشارەوە گەشتمەوە دەزگاکە، بەدرێژایی ئەو رێگایە و ئەم كاتە بیرم لە مەسەلەی بیرچوونەوە و زەھایمەر دەكردەوە، ئایا دەبێت زەهایمەر رۆژانە چەند ملیۆن دۆلار زەرەروزیان لە خەڵك بدات؟ چەند كارەساتی ناخۆش لە جیهاندا بەهۆی ئەم نەخۆشیەوە بقەومێن؟، من نازانم، بیرچوونەوە هەر هەبووە و هەیە، بەڵام ئێستا هەركەسێك كلیلەكانی بە دەرگایەكەوە لەبیربچێت، وادەزانێت ئەویش توشبووە و ئیتر زەهایمەریەتی..
ماوەیەكە شتم زۆر بیر دەچێت و لەخەمی ئەم بیرچوونەوەدام، بۆیە زۆر لەسەر ئەم نەخۆشییە دەخوێنمەوە، بۆم دەرکەوت ھەموو نەخۆشییەک دەردو بەڵاو کارەساتە، بەڵام دیوی یەکەمی ئەڵزایمەر، خەمناک و تراژیدییە، زۆر ترسناکە كە مرۆڤ بگاتە قۆناغێك كۆنترۆڵی بیروهۆش و لەش و زمان و قسە و ژیریی لەدەستبدات و ژن و منداڵ و ئازیزترینەكانی خۆی نەناسێتەوە، یان رستەیەك بۆ زیاتر لە سەد جار بڵێتەوە و ببێتە مایەی نیگەرانیی بۆ دەوروبەر و كەسوكار و هاوڕێكانی.. هەر یەكێكمان چەندین كەس دەناسین بە پلەی جیاواز و كەم تا زۆر توشی ئەم نەخۆشیە بووبن، چارەسەر تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە، ئاسانیش نیە مێشك و هەست و نەست و ئەقڵ و لۆجیك سفر ببنەوە و هەموو رەفتارێك ببێتە رەفتاری شیاو لای ژیرترین بونەوەری سەرزەوی كە مرۆڤە!! بۆ نەگبەتی ئێمەی مرۆڤیش، ئەم دەردە، یەكێكە لە نەخۆشیەكانی سەردەم و لە جاران زۆر زیاتر بڵاوە و باوە.
دیوی دوەمی زەھایمەر، دیوە باشەكەی ئەم دەردەیە، رەنگە زۆرینەی خوێنەرەكانی ئەم گۆشەیە هاوبیر و هاوڕا نەبن لەگەڵم، ئەویش ئەوەیە كە سەری نەخۆش بەم دەردەوە مەست دەبێت، ئیتر ئاگای لە كێشە و ئاریشە و بەزمورەزمی ژیان و سیاسەت و ئابوری و میدیا و مەترسیەكانی داهاتوو نابێت..
توشبوی زەهایمەر، خەمی ئەم شتانەی نامێنێت: پارەی روناكی و ئاو و خزمەتگوزاری، هەڕەشەكانی تۆم باراك، قیستەكانی ناوماڵ، توانەوەی بەستەڵەک و کونەکانی ئۆزۆن، قەرزداریی، پیریی، ترس لە فەوتانی زمان و پێناس و نەتەوە، كێشەی ATM و نەبوونی پارە، ھەژاریی و مایەپووچبوون، جیاوازی نێوان دوو نەوە، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، نەمانی شمەك و كەلوپەل لە بازاڕدا، قەیرانی نەوت و سوتەمەنی بۆ ئەم زستانەی كە دەڵێن زۆر سەخت دەبێت، پارەی خوێندن و جلوبەرگی مناڵ، ژینگە، كڕینی دەرزی و حەب و دەرمانی مانگانە، پارەی غەرامە و باجو خەراجی هەر كڕین و فرۆشتنێك، ئەو خەرجیانەی بەهەڵە خەرجدەكرێن، پەشیمان بوونەوە لە هەندێك سەلام و مەرحەبایی، پارەی پاشتێلانە و باركانە، ترس لە شێرپەنجە، ترس لە شەڕو جەنگ، ترس لە ئاوارەبوون، لە ئاگری دۆزەخ، لە تانەو تەشەری دۆستان، لە تەنھایی و تەنیایی، پاشەڕۆژ، نەگونجان لەگەڵ سەردەمی نوێ، خانەنشینی، بێکاریی، گرانیی، هەرەسی بەهای دینار، ژیانی شایستە بۆ نەوەکان، ترس لەنامۆبوون، خەمی مردنی ئازیزان، ترس لەزویربوونی ژیان، خەمی گۆشەگیریی و نەخۆشیە دەرونییەکان، شکستەکانی دواقۆناغی ژیان، ژیریی دەستکرد، غەدری میدیا، ئالودەبوون، تەکنەلۆجیا، ئاسایشی خۆراکی جیھان و زۆربونی ژمارەی مرۆڤەكانی سەرزەوی، مەترسیدارترینیان ئەوەیە كە ژیانت تێپەڕێت و ئەو پەیامەی بۆی خولقایت و دروستبویت و بۆی ژیایت نەتگەیاندبێت،، بۆیە لێرەدا باشترین نیعمەت ئەوەیە توشی زەھایمەر ببین.. ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.














Leave a Reply