هاكان فیدان: بەغدا و هەولێر بۆ پڕۆسەی ئاشتی هاوكارمانن

سەیرکراوە: (881)

عێراق و توركیا ڕێككەوتننامەیەكیان بۆ ئاو واژۆ كرد و هاکان فیدان پێشوازی لە بڕیارەکەی پەکەکە بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی لە نێو خاکی تورکیادا دەکات و دەڵێت: بەغدا و هەولێر بۆ پڕۆسەی ئاشتی هاوكارمانن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 02ـی تشرینی دووەمی 2025، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە بەغدا و لە لایەن فوئاد حسێن، هاوتا عێراقەکەییەوە پێشوازیی لێ کرا و بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕێككەوتننامەی ئاو واژۆ كرا.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كە سەرپەرەشتی واژۆكردنی رێككەوتنەكەی كردووە، دەڵێت: ئەم رێككەوتنە دەبێت بە یەكێك لە چارەسەرە بەردەوامەكان بۆ قەیرانی ئاو لە عێراق، ئەمەش لەرێگەی پاكێجێك لە پڕۆژەی هاوبەشی گەورە، كە لە بواری ئاودا جێبەجێ دەكرێت بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئیدارەدانی قەیرانی كەمی سەرچاوە ئاوییەكان.

هاكان فیدان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ هاوتا عێراقییەكەی وتی، “ئەم ڕێككەوتنە دەبێتە گەورەترین پڕۆژە بۆ بنیاتنانی ژێرخانی ئاو لە وڵاتدا”.

یەکێک لەو بابەتانەی هەردوو وەزیرانی دەرەوە لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکەیاندا باسیان لێوە کرد، پرسی کشانەوەی گەریلاكانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بوو لە ناو خاکی تورکیا و هاكان فیدان وتی، “لە ڕوانگەی ئەوانەوە، بڕیارەکە ئەرێنی و زۆر زۆر گرنگە. ئاوات و چاوەڕوانیمان ئەوەیە ڕێکخراوەکە، هاوشێوەی تورکیا، لە عێراقیش کۆتایی بە کاری چەکداری و چالاکییەکانی بهێنێت.”

هاکان فیدان داوای لە پەکەکە کرد، “هێزەکانی لە هەموو ئەو شوێنانە بکشێنێتەوە کە لە نێو عێراق و سووریا کۆنترۆڵی کردوون” و دووپاتی کردووە، کۆتایی پێهاتنی چالاکییەکانی پەکەکە لە سووریا و عێراق و ئێران گرنگە.

دەربارەی هەماهەنگییان لەگەڵ هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی، هاکان فیدان باسی لەوە کرد “هەم بەغدا و هەم هەولێر، لە نزیکەوە لەگەڵ ئێمە لە هاریکاریدان”.

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ “سەقامگیری و ئاسایش و خۆشگوزەرانیی عێراق” دووپات کردەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 92 Today: 2,074 📊 Click Here