وتەبێژی دەم پارتی: تورکیا هیچ هەنگاوێک بۆ پرۆسەی ئاشتی نانێت

سەیرکراوە: (1.4K)

ئایشەگول دۆغان، وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ڕایگەیاند، سەرەڕای هەنگاوە ڕژد و ئەرێنییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ پرۆسەی چارەسەری ئاشتی، بەڵام دەسەڵات و حکومەتی تورکیا هیچ هەنگاوێکی بەرانبەری کورد نەناوە و جدی نییە لە پرۆسەکەدا.

ئایشەگول دۆغان ئەمڕۆ هەینی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە ڕایگەیاند: کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان ڕێگەیەکی نوێ دەکاتەوە و دەتوانێت کێشەیەکی مێژوویی سیاسی و دیموکراسی چارەسەر بکات.

وتەبێژی دەم پارتی ئاماژەی بەوەشدا، کە کۆمیسیۆنی پرۆسەی ئاشتی لە پەرلەمان، ڕا و سەرنجی لایەنەکان و خەڵکی وەرگرتووە و بە بەرپرسیارانە مامەڵەی کردووە، وتیشی: “ئێمە بە پێویستی دەزانین هەموو لایەنەکان بەشداری بکەن و کۆمیسیۆنێکی سەرکەوتوو و باشە”.

وتەبێژەکەی دەم پارتی داوای چاکسازیی یاسایی کرد و جەختی کردەوە کە ئێمە لە قۆناغێکی ڕاگوزەرداین و یاسامان بۆ ئەم قۆناغە پێویستە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئایشەگول دۆغان وتی، کە پەکەکە هەنگاوی ئەرێنیی ناوە بۆ پرۆسەی چارەسەری ئاشتی، بە سووتاندنی چەکەکانی و کشانەوەی هێزەکانی لە باکووری کوردستان، بەڵام بە پێچەوانەوە دەسەڵات و حکومەتی تورکیا هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی و جدی لە بەرانبەردا بۆ کورد و پرۆسەی ئاشتی نەنێت.

دۆغان وتی: خەڵک نازانێت چی ڕوودەدات لە پرۆسەکەدا.

سەبارەت بە دۆخی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، وتەبێژی دەم پارتی پرسیاری ئەوەی وروژاند کە، چەندین جار دەوڵەت باخچەلی (سەرۆکی مەهەپە) داوای کردووە کۆمیسیۆن بچێتە ئیمراڵی و لەگەڵ ئۆجەلاندا کۆببێتەوە و گوێی لێ بگرێت، ئێمەش پرسیار دەکەین، بۆ کۆمیسیۆن لەگەڵ هەمووان کۆدەبێتەوە و گوێیان لێ دەگرێت، نازانین بۆ لەگەڵ ئۆجەلان کۆ نابێتەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 87 Today: 1,160 📊 Click Here