پاکستان هێرشی کردە سەر ئەفغانستان و دەیان کوژراو هەیە

سەیرکراوە: (23)

پاکستان کوژرانی 25 چەکداری لە چەند هێرشێکدا بۆ سەر ئەفغانستان ڕاگەیاند، بەڵام کابول دەڵێت لە هێرشەکاندا دەیان مەدەنی کوژراون.

ئەمڕۆ دووشەممە، عەتائوڵا تارار، وەزیری ڕاگەیاندنی پاکسـتان ڕایگەیاند کە هێزەکانی وڵاتەکەی، لە وەڵامی چەند هێرشێکی خوێناویدا، شەوی ڕابردوو زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و زەمینیی وردیان کردووەتە سەر سێ ویلایەتی ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان (پاکتیا، پاکتیکا و کۆنار).

ئەوەشی خستەڕوو کە لەم ئۆپەراسیۆنانەدا 25 چەکداری گرووپی “جەماعەتولئەحرار” کوژراون کە پەیوەندییان بە تاڵیبانی پاکسـتانەوە هەیە و سێ ئامانجی سەرەکیش تێکشکێنراون.

ئەم هێرشانەی پاکسـتان دوای ئەوە دێن کە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، لە ئەنجامی هێرشێکدا لە شاری کەراچی لە باشووری وڵاتەکە، سێ چەکداری هێزە نیمچەسەربازییەکانی پاکسـتان کوژران.

لەلایەکی دیکەوە، حکومەتی ئەفغانسـتان بە توندی سەرکۆنەی ئەم هێرشانەی کرد. زەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان، ڕایگەیاند کە هێرشە ئاسمانییەکانی پاکسـتان بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان کەسی مەدەنی و هێرشەکەی بە “کارێکی دەستدرێژیکارانە و ترسنۆکانە” وەسف کرد.

ئیسلام ئاباد بەردەوام حکومەتی کابول تۆمەتبار دەکات بە داڵدەدانی ئەو چەکدارانەی کە هێرش دەکەنە سەر پاکسـتان، بەتایبەتی بزووتنەوەی “تالیبانی پاکسـتان”، بەڵام لە بەرامبەردا، کابول بە تەواوی ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە ڕێگە نادات خاکی ئەفغانسـتان دژی هیچ وڵاتێک بەکاربهێنرێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 234 Today: 2,833 📊 Click Here