هەینی. ئازار 6th, 2026

بزووتنەوەی گۆڕان(کوردسات): پاشەکشێی گۆڕان بە تەواوی بە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستانەوە دیارە

سەیرکراوە: (3.3K)

بزووتنەوەی گۆڕان(کوردسات) لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: “لە ئێستادا، یادی 16 ساڵەی سەرکەوتنە مێژوییەکەی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەینەوە، کە لە هەڵبژاردنی خولی سێهەمی پەرلەمانی کوردستان لە 25ـی تەمموزی 2009ـدا، بە دەنگ و ئیرادەی هاونیشتمانیان لە سندوقەکانی دەنگدان تۆماریکرد.” 

ئاماژەی بەوەشکردووە، “پاشەکشێی گۆڕان بە تەواوی بە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستانەوە دیارە”.

دەقی راگەیەندراوەکە:

ڕاگەیەندراوێک لە بزووتنەوەی گۆڕانەوە

هاونیشتمانیانی بەڕێز..

‎هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازان..

لە ئێستادا، یادی (١٦) ساڵەی سەرکەوتنە مێژوییەکەی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەینەوە، کە لە هەڵبژاردنی خولی سێهەمی پەرلەمانی کوردستان لە (٢٥ی تەموزی ٢٠٠٩)دا، بە دەنگ و ئیرادەی هاونیشتمانیان لە سندوقەکانی دەنگدان تۆماریکرد.

هاتنەمەیدانی بزوتنەوەی گۆڕان، چەند دەرەنجامێکی ئەرێنی لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا لێکەوتەوە، لەوانە

# گۆڕان وەک هێزێکی جەماوەری ڕچەشکێن، بۆ یەکەمجار لەسەر بنەمای دەنگدان و خەباتی مەدەنی و بەهێزکردنی پایەکانی دیموکراسی، وەک ئۆپۆزسیۆنێکی چالاک و ڕاستەقینە دەرکەوت.

# دهرگای واقعێكی نوێی سیاسیی كردهوه، بە هێنانەئارای مۆدیلێکی بەرهەڵستکاری بێ پێشینە؛ کە سەنگ و دەنگ و ئیرادەی هاوڵاتیانی لە تەرازوی پرۆسەی سیاسیی بەهێزکرد.

# وەک هێزێکی مەدەنی بێ چەک، بە واقع سەلماندی؛ چەک تاکە ئامرازی ململانێی سیاسیی و گرتنەدەستی دەسەڵات نیە، بەڵکو هەڵبژاردن و کێبڕکێی دیموکراتی؛زەمینەیەکی لەبارترە بۆ ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات.

# دامەزراوەی پەرلەمانی گۆڕی، لە ئامرازێکی دەستی حیزبەوە بۆ مەیدانی ئاشکراکردنی دیوە شاراوەکانی بودجە و داهات و لێپرسینەوە لە حکومەت و دەسەڵاتداران.

# سیاسەتی گەڕاندەوە بۆ ناو خەڵک و هاوڵاتیان، سنوردارکردنی دەستێوەردانی حیزب لە دەزگا و دامەزراوەکانی؛ زانکۆ، بازاڕ، ھێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ، دادگا و دامودەزگاکانی حکومەت.

# ڕاڤە و لێکدانەوەی جیاوازی بۆ پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان کرد. هەوڵی بێ وچانی دا پێگەی کورد لە دامەزراوەکانی عێراقی فیدڕاڵدا بەهێز بکرێ و پێداگیری لەسەر ستراتیجێکی ھاوبەشی نیشتمانی کردەوە، بەشێوەیەک نوێنەرەکانی کورد شەڕ بۆ مافە نەتەوەییەکان، هاوکات دەزگای نیشتمانی بۆ دانوستان دروست بکرێ، بە ئامانجی وەلانانی بەرژەوەندی حیزبی و نوێنەرایەتیکردنی ڕاستەقینەی هەرێم، بۆ مافە دەستوری و ئامانجە باڵاکانی خەڵکی کوردستان.

# پشتیوانیکردن لە ئازادییە سیاسیی و شارستانیەکان، بەتایبەت ئازادی ڕۆژنامەوانی و بیروڕا، فراوانکردنی مەودای ڕەخنەگرتن و قسەکردن لەسەر پرسە گشتیەکان .

# ئەو تایبەتمەندییە ڕێکخراوەیی و سیاسییەی بزوتنەوەی گۆڕان، وەک پێویستیەکی بابەتی هێناویەتە ئارا، بوارێکی ئەوتۆی نەهێشتووەتەوە، کە لایەنی دیکە داهێنانی تێدا بکەن، یاخود بەرنامە و پلانکاری سیاسیی تێپەڕێنن.

سەرباری ئەو جێکەوت و لێکەوتە ئەرێنیانەی بزوتنەوەی گۆڕان بە پشتیوانی خەڵک لەناو پرۆسەی سیاسیی هەرێم دروستیکرد، بەداخەوە ئێستا «گۆران» بە قۆناغێکی سەختی ڕاگوزەردا تێدەپەڕێت، بەتایبەت دوای کۆمەڵێک هەوراز و نشێو و شکستی کەمەندکێش؛ دوچاری دەیان کێشەی سیاسیی و یاسایی و ڕێکخراوەیی و ئابوری کراوە.

لەم هەلومەرجە دژوارەدا، ئێمە نەک بێئومێد نابین، بەڵکو بە ئەرکی خۆمانی دەزانین لەنێوان دووڕیانی خۆرێکخستنەوە و بەهێزکردنی برایەتی و پتەوکردنی ڕیزەکانمان، یان کۆتایهێنان بە کاری سیاسیی؛ یەکەم هەڵدەبژێرین و وەک هێزێکی دور لە تەوریسی سیاسیی، کە ڕەوانشاند نەوشیروان مستەفا و هاوڕێکانی و گۆڕانخوازان خەباتیان بۆ کرد بەردەوام دەبین و دەمێنینەوە.

پێویستە ئەو ڕاستیەش بوترێ، پاشەکشێی بزوتنەوەی گۆڕان بە تەواوی بە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستانەوە دیارە، بۆشایی گۆڕان، نەک پڕنەکراوەتەوە، بەڵکو خەڵکەکەمان بێ پشتوپەناتر و خەباتی پەرلەمانی بێ کاریگەرتر و قەیرانی دارایی تەنگی بە ژیانی موچەخۆران و هاوڵاتیان هەڵچنیوە، هاوکاتیش بەرنامەی سیاسیی و نەخشەڕێگا و پاکێجەکانی چاکسازی زیندون، بۆئەوەی چیدیکە هەرێم بەرەو هەڵدێر نەبرێت؛ دەبێ بەمتمانەوە ئەو ڕێگایە بەرنەدەین، کە گۆڕان لەپێناوی دامەزراوە.

بزوتنەوەی گۆڕان

٢٤ی تەموزی ٢٠٢٥

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 112 Today: 2,247 📊 Click Here