خۆپیشاندانەکەی خانەقین دژی تەعریب هەڵپەسێردرا

سەیرکراوە: (14)

حزبە کوردستانییەکانی سنووری خانەقین پشتیوانی خۆیان بۆ بڕیاری هەڵپەساردنی گردبوونەوە جەماوەرییەکەی شارەکە کە بڕیار بوو ئەمڕۆ ئەنجام بدرێت.

بڕار بوو ئەمڕۆ دووشەممە، خۆپیاندانێک دژی هەوڵی نوێی تەعریبکردنی خانەقین و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی سنووری ماددەی 140 بەڕێوەبچێت، بەڵام دوای دەستگیرکردنی ژمارەیەک گەنج خۆپیشاندانەکە هەڵپەسێدرا.

حزبە کوردستانییەکانی سنووری خانەقین لە راگەیەنراوێکدا کە ئاراستەی جەماوەری خانەقین، جەلەولا، سەعدیە، مەندەلی، قەرەتەپە و جەبارە کراوە، پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ بڕیاری دەستەی سەرپەرشتیارانی گردبوونەوەکە دەربڕی بۆ هەڵپەساردنی کاتیی چالاکییەکان، تا ئەو کاتەی شاندی نوێنەرایەتی خانەقین دەگاتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆک کۆمار و بەرپرسە باڵاکان کۆدەبێتەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، بڕیاری هەڵپەساردنی گردبوونەوەکە تەنیا لەپێناو پاراستنی ئارامی و گیانی هاووڵاتیاندایە، چونکە بەپێی زانیارییەکان، رێوشوێنەکانی ئاسایش بۆ پاراستنی گردبوونەوەکە لە ئاستی پێویستدا نەبوون و مایەی دڵنیایی نەبوون.

حزبە کوردستانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، جۆش و خرۆشی خەڵک بۆ پاراستنی ناسنامەی کوردستانییانەی ناوچەکە پەیامێکی روون بوو، کە پێشێلکردنی مادەی 140 و فەرامۆشکردنی مافە دەستوورییەکان مەترسیی گەورەن. هەر بۆیە داوا لە چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق و نوێنەرانی کورد لە بەغدا دەکەن بە زووترین کات بەدەم داواکارییە رەواکانی خەڵکەوە بێن.

هاوکات، لە راگەیەنراوەکەدا داوای ئازادکردنی دەستبەجێی هەموو دەستگیرکراوان کراوە و جەخت لەسەر هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی گرتن بۆ کەسایەتییە سیاسییەکان، چالاکوانان و گەنجان کراوەتەوە، چونکە وەک حزبەکان دەڵێن، بەشداریی ئەوان تەنیا دەربڕینی داواکاری دەستووری بووە بە رێگەی ئاشتییانە و مەدەنی.

لە کۆتاییدا، حزبە کوردستانییەکانی خانەقین دووپاتی دەکەنەوە کە سەرجەم رێگە دەستووری و یاساییەکان دەگرنەبەر بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵک و پاراستنی ئارامیی ناوچەکە لە پێشینەی کارەکانیاندا دەبێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 136 Today: 2,380 📊 Click Here