زەوییە کارتەکان تاپۆ دەکرێن

سەیرکراوە: (12)

لە هەولێر دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بەردەوام دەبێت و زەوییە کارتەکانیش تاپۆ دەکرێن.

ئەمڕۆ دووشەممە، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند؛ بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تاپۆکردنی زەوییە کارتەکان خراوەتە پێشینەی کارەکان. قۆناغی یەکەمی مامەڵەکان ڕەوانەی فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرە کراون و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هاووڵاتییان دەتوانن وێنەی تۆماری (سەنەد) زەوییەکانیان وەربگرنەوە.

سەبارەت بە زەوی فەرمانبەران، سەرۆکی شارەوانی ئاماژەی کرد، لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، بە گشتی 162 هەزار پارچە زەوی هەبووە و تا ئێستا نزیکەی 60 بۆ 70 هەزار کارت کراونەتە سەنەد.

کارزان هادی کە بۆ کەناڵی کوردستان 24 قسەی کردووە، سەبارەت بە زەوی فەرمانبەرانیش ڕایگەیاند “82 هەزار پارچە زەوی تەرخان کراوە، تا ئێستا 42 هەزاری دابەشکراوە و 40 هەزار پارچە زەوی ماوەتەوە و ئەو زەویانەشی دابەشکراون، ڕێکارەکانی تاپۆکردنیان بەردەوامە.

سەرۆکی شارەوانی ڕوونیکردەوە، کاتێک وێنەی تۆمار (سەنەد) بۆ زەوییەکان دەرچوو، هاوشێوەی گەڕەکەکانی دیکە ڕێپێدانیان پێدەدرێت بۆ دروستکردنی خانوو.

باسی لەوەشکرد، پلانیان هەیە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ ئەو شوێنانە. دووپاتیشیکردەوە، ئەو کەسانەی مافی ڕەفتارکردن یان گرێبەستی کشتوکاڵیان هەبووە لەسەر ئەو زەوییانەی بە زەوی نیشتەجێبوون دابەشکراون، هەر لە زەوییە جیاکراوەکانی سنووری خۆی پارچە زەویان بۆ ئامادەکراوە و بە قەرەبوو پێیاندەدرێت و مافەکانیان پارێزراوە.

سەبارەت بە دابەشکردنی قۆناخێکی نوێی زەوی لە سنووری هەولێر، کارزان هادی ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانیان بەردەوامن لە ئامادەکارییەکان و دەیانەوێت هەموو کارەکان تەواو بێت، ئینجا بە زووترین کات دەست بە پرۆسەی دابەشکردن بکەنەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 190 Today: 2,413 📊 Click Here