شارەزایەكی كەشناسی ڕایدەگەیەنێت، ڕۆژی سێ شەممە 23ی9ی2025 یەکەم ڕۆژی وەرزی پاییز دەست پێدەکات .
محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، پاییز هەمیشە لە ٢١ی ئەیلولەوە دەست پێناکات، لە یەکسانبوونەوەی شەو و ڕۆژەوه پاییز دەست پێدەکات، کاتێک شەو و ڕۆژ نزیکەی یەکسانن.
ڕاشیگەیاند، بەزۆری یەکسانبوونی شەو و ڕۆژ دەکەوێتە ٢٢ یان ٢٣ی ئەیلول، ئەمەش بەپێی خولگەی زەوی، بەڵام لە ڕاستیدا، بەروارەکانی یەکسانی ڕۆژ و شەو ساڵانە کەمێک دەگۆڕدرێن، هەر بۆیە پاییزی ٢٠٢٥ لە ٢٣ی ئەیلول دەست پێدەکات نەک ٢١ـی ئەیلول.
ڕوونیشی كردەوە، یەکسانی ڕۆژ و شەو ئەو ساتەیە، کە خۆر بە تەواوی لە سەرووی هێڵی ئیستوایی زەویەوەیە، بۆیە شەو و ڕۆژ لە هەموو شوێنێکی زەویدا درێژیان نزیکەی یەکسانە، كە ساڵانە دوو جار ڕوودەدات: • هاوسەنگی مانگی ئازار → دەستپێکردنی بەهار لە نیوەگۆی باکوور. • هاوسەنگی مانگی ئەیلول → سەرەتای پاییز لە نیوەگۆی باکوور.
دەشڵێت: ئەمەش لەبەر ئەوەی ڕوودەدات، کە میحوەرەکەی زەوی مەیل بووە و لەگەڵ خولگەی هەسارەکە بە خۆردا دوو خاڵ هەیە، کە هیچ کام لە نیوەگۆکان بەرەو خۆر نەکێشراون.
