لەماوەی نێوان ئەمشەو تاوەکو دوو ڕۆژی داهاتوو ئەگەری بەفربارین هەیە لە نێوان دەریاچەی ئورمیە و دەریاچەی وان و زنجیرە چیاکانی باکووری هەکاری لە باكووری كوردستان و ئەوپەڕی باکووری ئێران.
سیروان ساڵح، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلی بەفر بارینەوە پلەکانی گەرمی لەو ناوچانە زیاتر دادەبەزن و دەبنەهۆی دروستبوونی بای باکووری خۆرهەڵات لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کەرکوک.
ڕاشیگەیاند، ئەگەرهەیە خێرایی با بگاتە نێوان ( 15 تاوەکو 30 ) کیلۆمەتر لەکاتژمێردا، بەڵام بایەکی ئاسایی دەبێت لەڕِۆژانی دوو شەممە و سێ شەممە، ڕۆژی چوار شەممە خێرایی با کەم دەبێتەوە.
وتیشی، “پلەکانی گەرمی بەتایبەت لەشەواندا بەنزمی دەمێننەوە ئەمەش لەم کاتەی ساڵدا دەگمەنە، چونکە ئەمساڵ بەبەراود لەگەڵ ساڵانی پێشوو زووتر پلەکانی گەرمی دابەزین و کەش زووتر فێنک بوو”.
