مامۆستایانی وانەبێژی لادراو بە زۆرینەی دەنگ بایکۆتی لایەنە سیاسییەکان دەکەن
نوێنەرایەتی مامۆستایانی وانەبێژی لادراوی هەرێمی کوردستان بڕیاریانداوە کە بە کۆی دەنگ بایکۆتی دەنگدان بکەن و دەنگ نەدەن بە هیچ لایەنێکی سیاسی، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان لەلایەن سەرۆکی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست خەڵك کەوتووە، لە ڕاپرسییەکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە نوێنەرانی ئەم مامۆستایانەوە بڵاویانکردۆتەوە، لە کۆی ٥٠٠ مامۆستا کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، ژمارەی ئەوانەی بڕیاری بایکۆتکردنیان داوە گەیشتووەتە ٤٨٦ کەس، واتە ڕێژەی بایکۆتکردن نزیکەی ٩٧.٢% بووە.
نوێنەرانی مامۆستایانی لادراو ئاماژە بەوە دەکەن، کە پاش چەندین هەوڵدان و داواکاری بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دوورخستنەوەیان لە وانەوتنەوە و دامەزراندنیان، بەڵام حکومەت و لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکردووە.
هەر بەپیی یاداشتێک کە ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کراوە، ئەو مامۆستایانە دەڵێن”داواکارییەکەمان ئاراستەی سەرۆکی حکومەت کراوە و بڕیارمان داوە دەنگ بە هیچ لایەنێکی حزبی سیاسی نەدەین تاوەکو بە شێوەیەکی کرداری داواکارییەکەمان جێبەجێ دەکرێت.”
بۆ ئەم مەبەستە، مامۆستایان لە گرووپ و سەکۆی تایبەت بەخۆیاندا لینکی ڕاپرسییان کارا کردووە و زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی بەشدار بوون، بڕیاریان داوە کە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەشداری نەکەن و دەنگ نەدەن.

Leave a Reply