مەسعود بارزانی: یاسای هەڵبژاردن ستەمکارانە بوو؛ بە بڕینی قووتی گەل،
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا، هێرشی توندی کردە سەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ڕایگەیاند، ئەو یاسایە “ستەمکار و نادادپەروەرانە بوو” و ئەمەش هۆکاری سەرەکی بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردن بوو لەلایەن پارتییەوە لە سەرەتادا.
بارزانی ئاماژەی بەوەدا، کە پارتی لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا 812 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە بەبێ پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، بەغدا و دیالە. وتیشی “ئەگەر ئەم دەنگانەش بخەینە سەر ئەم 800 هەزارە، بەدڵنیاییەوە دەگاتە یەک ملیۆن دەنگ.”
لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەوە، جەختی کردەوە کە پێویستە لە داهاتوودا هەموار بکرێتەوە و پارتی دەیەوێت “هێزی خۆی پیشانی لایەنەکانی دیکە بدات.” هاوپەیمانێتییەکانیش بۆ دوای پڕۆسەی هەڵبژاردن جێدەهێڵێت.
سەرۆک بارزانی بە تووندی ڕەخنەی لە مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێم گرت و وتی، “بڕینی قووتی گەلی کورد پرۆسەیەکی زۆر سەختە. سەدام کیمیاباران و ئەنفالی کردین، بەڵام دەسەڵاتی ئێستا قووتی بڕین.”
ئەوەشی خستەڕوو کە هەندێ لایەنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی “زیاتر لە دووژمنکار دەچن و بە هەموو شێوەیەک هەوڵیان دا کۆتایی بە هەرێم بهێنن، بەڵام هەرێم بەرگە دەگرێت، سازش لەسەر مافەکانی ناکات و چۆکیش دانادات.”
مەسعود بارزانی پرسی دەستوور و ناوچە جێناکۆکەکانی بە یەکێک لە هێڵە سوورەکان دانا و رایگەیاند، لە هەموو کەسێک زیاتر بە دەستووری عێراقەوە ماندوو بووە و ئامادە نییە دەستبەرداری ببێت. هاوکات ڕەخنەی لە دادگەی فیدراڵی گرت و بە “بە سیاسی کراو” ناوی برد.
جەختیکردەوە، ناسنامەی کەرکووک کوردستانییە و هەرگیز داگیرکردنی سەرناگرێت، و داوای جێبەجێکردنی تەواوی مادەی 140 کرد، کە بە ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و گشتپرسی داوای یەکلاییکردنەوەی ئەو بابەتە دەکات.
مەسعود بارزانی لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە دژی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لە عێراقدا، بەو پێیەی “هەرکاتێک هێزەکانی ئەمریکا بڕۆن، داعش سەرهەڵدەداتەوە.” هەروەها داوای کرد حەشدی شەعبی تێکەڵی سیاسەت نەبێت، لە کاتێکدا پێشمەرگە تەنها ئەرکی پاراستنی وڵات جێبەجێ دەکات.












Leave a Reply