نەوت لە عێراق بە 30 هەزار و لە هەرێم بە 104 هەزار دابەش دەكرێت

سەیرکراوە: (1.2K)

وەزارەتی نەوتی عێراق دەستكردن بە دابەشكردنی نەوتی لە 11 پارێزگا ڕاگەیاند، كە هەر بەرمیلێك بە 30 هەزارە دینارە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان مانگێكە دەست بە دابەشكردنی نەوت كراوە و بەرمیلی بە 104 هەزار دەدرێت بە هاووڵاتیان.

ئەمڕِۆ دوو شەممە 3ی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لە 11 پارێزگای عێراق دابەشكردنی نەوتیان بە نرخی پاڵپشتكراو دەستپێكردوە، کە نرخی هەر 100 لیترێك نەوت كە دەدرێتە هاووڵاتیان بە 15 هەزار دینار دەبێت، واتە نرخی یەك بەرمیل نەوت 30 هەزار دینارە.

ڕووونیشی كردۆتەوە، پێشتر لە چەند پارێزگایەك دابەشكردنی نەوت دەستی پێكردبوو، بەڵام لەمڕۆوە لە (بەغدا و دیالە و واست و نەجەف و كەربەلا و بەسرە و موسەننا و دیوانیە و بابل و میسان و زیقار) دابەش دەكرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە مانگی ڕابردووەوە دابەشكردنی نەوت لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمەوە دەستی پێكردووە لە ناوچە شاخاوییەكان و دواتر ناو شارەكانیش دەگرێتەوە، كە هەر بەرمیلێك بە 104 هەزار دەدرێت بە هاووڵاتیان.

سەلام عومەر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ڕایگەیاند: لە ناوەڕاستی مانگی 10ـەوە تا ئێستا، بڕی 31 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر 75 هەزار خێزانی سنووری پارێزگای سلێمانی دابەشکراوە.

ئەو نەوتەی دابەش دەکرێت، کە هەر بەرمیلێکی 200 لیتری بە 104 هەزار دینار بە هاووڵاتییان دەدرێت.

لە مانگی ڕابردوودا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا، بڕی 3 ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات بە نرخی حکومی خۆی، کە 30 هەزار دینارە و هەر خێزانێک بەرمیلێک نەوتی پێ بدرێت، بەڵام تا ئێستا ئەو نەوتە ڕەوانە نەکراوە.

دوابەدوای ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوت و ڕادەستكردنی نەوتی هەرێم بە سۆمۆ، عێراق بڕیاریدا، كە ڕۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت بگەڕێنێتەوە بۆ هەرێم ئەوەش بۆ پاڵاوتن و پێداویستی ناوخۆ لە نەوت و بەنزین و گازوایل، سەرباری وەرگرتنی ئەو بڕە نەوتەی ڕۆژانە، بەڵام هێشتا هیچ بڕیارێك لەسەر هەرزان كردنی نرخی سووتەمەنی وەك عێراق نەدراوە و بەرپرسانی هەرێم دەڵێن: بەهۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانن پاڵپشتی زۆری سوووتەمەنی بكەن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 62 Today: 116 📊 Click Here