پزیشکیان: باران نەبارێت ناچار دەبین تاران چۆڵ بکەین

سەیرکراوە: (1.3K)

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ڕایگەیاند، ئەگەر لە ماوەیەکی کەم دا لە تارانی پایتەخت باران نەبارێت، ئەوا لە مانگی داهاتووەوە دەست بە کەمکردنەوەی پێدانی ئاو لە شارەکە دەکرێت، ئەگەر ئەوەش بەس نەبێت، ناچار دەبن تاران چۆڵ بکەن.

بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی ئیتیماد، پزیشکیان لە وتارێکدا لە میانی سەردانیدا بۆ شاری سنە، ئاماژەی بە چەندین کێشەی ئابووریی و کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا کرد.

پزیشکیان باسی لەوە کرد کێشەکان پەیوەندیان بە نرخە گرانەکان و هەڵئاوسانەوە هەیە، کە هەم ئەنجامی ڕێوشوێنە هەڵەکانی ناوخۆن و هەمیش پەیوەندیان بە سزاکانەوە هەیە، ڕاشیگەیاند: “گرانی نرخ و هەڵئاوسان هەڵەی پەرلەمان و حکومەتە، کار لەسەر ئەوە دەکەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەرچاوە داراییەکان سنووردارن، پڕۆژەکان نیوەناچڵ دەمێننەوە”.

مەسعود پزیشکیان ئاماژەی بە قەیرانی ئاو لە ئێران کرد کە بەهۆی وشکەساڵییەوە دروست بووە و، ڕایگەیاند: “ئێران لە ئێستادا ڕووبەڕووی قەیرانە سروشتییەکان بووەتەوە، وەک کەمی باران و سەرچاوەکانی ئاو، ڕەنگە ئەم قەیرانانە ئەنجامی خراپیان لێبکەوێتەوە”.

پزیشکیان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە پێویستە لە بەکارهێنانی ئاو و وزەدا دەست پێوە بگیرێت و بەڕێوەبەرایەتییەکی باشتر هەبێت، بەتایبەتی کێشەی ئاو لە تاران زەنگی ئاگاداری لێداوە و، ڕایگەیاند: “ئەگەر باران نەبارێت، لە مانگی داهاتووەوە ناچار دەبین لە تاراندا دەست بە کەمکردنەوەی ئاو بکەین. ئەگەر دوای ئەوەش باران نەبارێت، ئاومان نامێنێت و ناچار دەبین تاران چۆڵ بکەین”.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 18 Today: 30 📊 Click Here