تیمێکی چینی ڕۆبۆتێک بە قەبارەی زەنگیانەیەک دیزاین دەکەن بۆ ئەنجامدانی ئەرکە قورسەکانی ناو جەستە.
ئاژانسی ئیندیپیندت بڵاویکردەوە، تیمێکی زانایانی چینی لە زانکۆی چینی هۆنگ کۆنگ لە باشووری چین ڕۆژی یەکشەممە (٢١ی ئەیلولی ٢٠٢٥) سەرکەوتوو بوون لە خستەرووی ڕۆبۆتێک کە چەندئەرکێک لە یەک ئامێردا بە قەبارەی دەنکە زەنگیانەیەک هەڵدەگرێت، ئەمەش وایکردووە بە وردی دیاریکردنی ژەمی دەرمان و چاودێریکردنی فیزیۆلۆژی لەناو جەستەدا ڕێکبخات.
توێژەران ڕۆبۆتێکی مایکرۆ موگناتیسییان دروستکردووە کە بە سۆنەر کاردەکات، ڕاپۆرتەکە ڕوونیکردووەتەوە “ڕۆبۆتەکە کە پانیەکەی 1.3 ملم و کێشی 4.6 میلیگرامە، دەتوانێت بە بێ وایەر چاودێری و ڕێکخستنی پارامێتەرەکانی ژینگەی وەک هێز، لەرزین، چەسپاوی و پلەی گەرمی بکات”.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕۆبۆتەکە لەڕێگەی توانای هەستکردن بە هاندەرەکان و گۆڕینی بۆ سیگناڵی سۆنەر، دەتوانێت دەستکاری شتە بچووکەکانی وەک هێلکەی سەلەمونیش بکات، ئەمەش ئەنجامێکە لە تاقیکردنەوەکانی ئاژەڵدا دەرکەوتووە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، “وەشانێک لە ڕۆبۆتەکە وەک گەرمییپێوەرێک کاردەکات کە توانای هەستکردن بە گۆڕانی پلەی گەرمی هەیە لە بەرازێکدا، لەکاتێکدا وەشانێکی دیکەی ئەم ڕۆبۆتە کە لە شێوەی کەپسولدایە توانای خۆی نیشانداوە بۆ گەیاندنی ژەمە وردەکانی شلە بە شێوەیەکی وایەرلێس بۆ ناو گەدەی دوپشکێکی زیندوو، بەدواداچوون بۆ ئاستی ژەمە دەرمانەکە دەکات بە تێپەڕبوونی کات.
شایانی باسە کە ئەم تاقیکردنەوانە ڕێگەی خۆشکرد بۆ بەکارهێنانی پراکتیکی ئەم ئامێرە زیرەکی بچووکە لە بواری پزیشکیدا.
