لە نێو ئازارەکانی ئاوارەیی و سەختییەکانی ژیاندا، ئاوارەکانی شنگال لە کەمپەکانی دھۆک زەوییەکانی دەوروبەر و نزیک کەمپی شاریا دەکەنە سەرچاوەی ئومێد و بژێوی ژیانیان و ئێستا لەو زەوییانەدا، وەرزی لێکردنەوە و خستنەبازاڕی بەرھەمی خیار دەستی پێکردووە و بووەتە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی بژێویی خێزانە نیشتەجێبووەکان.
خەیری خودێدا، کە یەکێکە لەو جووتیارە ئاوارانەی زەوییەکانی بە خیار چاندووە، دەڵێت: “ساڵانە لە مانگی شوباتەوە دەست بە چاندنی خیار دەکەین و لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا بەرھەمەکانمان لێ دەکەینەوە و ڕەوانەی بازاڕی دەکەین”.
خەیری باس لەوە دەکات کە تێچووی بەرھەمەکانیان زۆر گران لەسەر دەوەستێت و دەڵێت: “داوا لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان دەکەین ھاوکاری جووتیاران بکات، چونکە نرخی کارەبا بۆ ئاودانی زەوییەکانمان بە دوو ھێندە لەسەر ئەژمار دەکرێت، ئێمە تەنیا بۆ کارەبا و ئاو و کرێی زەوی، نزیکەی ١٦ ملیۆن دینارمان خەرجکردووە تا بەرھەمەکانمان گەیشتووەتە قۆناغی ڕنین”.
ئەم جووتیارە بە خەمەوە باس لەوە دەکات کە لە شنگال زەوی ھی خۆیان بووە و کرێیان نەداوە، بەڵام لێرە لە ئاوارەییدا ھەموو شتێک بە پارەیە.
لەلایەکی دیکەوە، ئیبراھیم شنگالی، گەنجێکی ئاوارەی دانیشتووی کەمپی شاریایە و ماوەی ١٠ ساڵە سەرقاڵی چاندنی خیار و تەماتەیە، ئەو باس لەو زیانە گەورەیە دەکات کە ساڵی ڕابردوو بەرۆکی گرتوون و دەڵێت: “ساڵی ڕابردوو بەھۆی بێ بازاڕییەوە نزیکەی ٢٠ ملیۆن دینار زیانم بەرکەوت، ئەمساڵ ھەرچی بەرهەمهاتووە دەبێت بیدەمەوە بە قەرزەکانم، کێشەی سەرەکیی ئێمە ئەوەیە کاتێک بەرھەمی ناوخۆ دەگاتە بازاڕ، نرخەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و تەنانەت ساڵی پار کرێی کرێکارەکانیشمان بۆ دەرنەچوو”.
ئەم جووتیارانە داواکارییەکی سەرەکییان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیە، ئەویش پاراستنی بەرھەمی ناوخۆیە، ئیبراھیم دەڵێت: “داواکارین لە کاتی پێگەیشتنی بەرھەمی ئێمەدا، ھاوردەکردنی بەرھەمی دەرەکی ڕابگیرێت یان باجێکی زۆری بخرێتە سەر، بۆ ئەوەی بتوانین بەرھەمەکانمان ساغ بکەینەوە و چیتر تووشی زەرەر و زیانی گەورە نەبین و ماندووبوونمان بەفیڕۆ نەچێت”.
ڕۆژانە لە سنووری کەمپەکانی دھۆک زیاتر لە ھەزار ئاوارەی شنگال، لەنێو کێڵگە و زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنووری پارێزگاکە کار دەکەن و زیاتر تەماتە، خیار، شووتی و تەرۆزی بەرھەم دەھێنن.








Leave a Reply