پێگەی “المجلة” چاوپێکەوتنێکی گشتگیری لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی “بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر” لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و دانوستانکار لەگەڵ حکومەتی سووریا، ئەنجامداوە، چاوپێکەوتنەکە تیشک دەخاتە سەر وردەکاریی گەڕەکانی گفتوگۆ لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، و خاڵە جێناکۆکەکانی نێوان هەردوو لا، جگە لە هەڵوێستیان لەسەر ڕۆڵی نێردەی ئەمریکا تۆم باراک و سەردانی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) براد کوپەر بۆ قامیشلۆ و دیمەشق، و دیداری لەگەڵ ئەحمەد شەرع، و ڕۆڵی تورکیا سەبارەت بە ئەگەری گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لە سووریا.
ئیلهام ئەحمەد لە چاوپێکەوتنەکەدا کە لە لەندەن لە 21ی ئەیلوولی 2025 ئەنجامدراوە و لە سێ ئەڵقەدا بڵاودەکرێتەوە، ڕایگەیاند؛دوو خاڵی سەرەکی جێناکۆکی لەگەڵ حکومەتی سووریا بریتین لە:
داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان “هێزەکانی سووریای دیموکرات” (قەسەدە) و سوپای نوێی سووریا، و داهاتووی “بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر” لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا یان سروشتی سیستمی سووریا و پەیوەندی نێوان ناوەندگەرایی و لامەرکەزی.
ئەحمەد ئاشکرایکرد؛ پێشنیازی سووری و لایەنەکانی دیکە هەن، کە فەرماندەی “هێزەکانی سووریای دیموکرات” ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی یان ئەفسەرێکی دیکەی قەسەدە، پۆستی وەزیری بەرگری یان سەرۆکی ئەرکانی سوپای سووریا وەربگرێت.
ئیلهام ئەحمەد، ئاماژەی بە گرنگی ڕێککەوتن لەسەر “هاوبەشی” و تێگەیشتن لەبارەی ڕاگەیاندنی دەستووری و داهاتووی سووریا داو وتی: “پێویستە لێکتێگەیشتن هەبێت سەبارەت بە سیستمی کارگێڕی و سیستمی سەربازی یان یەکگرتنی سەربازی”، ژمارەی ئەندامانی “قەسەدە” و هێزەکانی ئاسایشی بە نزیکەی سەد هەزار شەڕڤان و ئەندام خەمڵاند.
دەڵێت: “بەپێی ڕاگەیاندنی دەستووریی پێکهێنەر دەکرێت فەیلەق هەبێت، سوپا لە فەیلەق پێکدێت، بە دڵنیاییەوە فیرقەی هاوبەش، لیژنەی هاوبەش دەبن. بەو پێیەی هێشتا لە قۆناغی گواستنەوەداین و پرۆسەی یەکگرتن دەبێت بەشێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ بێت نەک ڕاستەوخۆ.”
دەقی بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنەکە:
پێویستە دیالۆگی فراوان و کۆبوونەوەی نێوان لیژنە تەکنیکییە پسپۆڕەکان هەبن، و ئەم لیژنانە باسی بۆچوونەکانی هەردوو لا بکەن.
زۆر خاڵی کێشەدار هەن، بەڵام بنەماکان چین یان بۆچوونەکان کامانەن سەبارەت بە چۆنیەتی گفتوگۆکردن لەسەریان؟ لەم گفتوگۆیانەدا ئێمە بۆچوونی خۆمان خستەڕوو، و تێگەیشتن یان ڕێککەوتن لەسەر ئەوە کرا کە خشتەیەکی کاتی دابنرێت بۆ کۆبوونەوەی لیژنەکان، ئەم لیژنانە هەموو بابەتەکان تا کۆتایی گفتوگۆکان باس بکەن و دواتر لێکتێگەیشتنەکان ڕابگەیەنرێن.
خاڵە ناکۆکەکان دەکرێت، بۆ نموونە، هێزە سەربازییەکان بن، یەکگرتنی “هێزەکانی سووریای دیموکرات” لەگەڵ سوپا، و میکانیزمی یەکگرتن و میکانیزمی بەڕێوەبردن، و شێوازی بەڕێوەبردن لە سووریا چۆن دەبێت.
ئەم دوو خاڵە سەرەکییە کە دەکرێت ئاستەنگ دروست بکەن و کێشەیان تێدایە، ئەوەی پێویستە یان چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆی فراوان و کۆبوونەوەی نێوان لیژنە تەکنیکییە پسپۆڕەکان بێت، و ئەم لیژنانە بیرۆکەکانی هەردوو لا تاوتوێ بکەن.
دەکرێت یەکێک لە “هێزەکانی سووریای دیموکرات” پۆستی سەرۆکی ئەرکان وەربگرێت، و ئێمە کراوەین بۆ ئەو بابەتە و لەم بارەیەوەش قسەمان لەگەڵ کردوون، بەڵام تا ئێستا وەڵاممان وەرنەگرتووە.
تا ئێستا وا دیارە کە پێکهاتەی ئێستا بە دڵنیاییەوە بوونی ژن قبوڵ ناکات یان ڕۆڵی ژن لەم بوارەدا قبوڵ ناکات، بەڵام ئەم هێزانە لە ناوچەکەدا دەمێننەوە، ئەم یەکینانە لە ناوچەکەدا دەمێننەوە و پارێزگارییان لێدەکەین و ڕۆڵی خۆیان لەچوارچێوەی ئەو فیرقانەی کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا هەن دەگێڕن.
پێویستمان بە سیستمێکی لامەرکەزییە، زۆر پێویستە، بە تایبەتی لەم قۆناغی گواستنەوەیەدا، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە یەکێتی سووریا بکەین و گەرەنتی بۆ هەموو سوورییەکان بدەین بە پێکهاتە و کولتوورە جیاوازەکانیانەوە، و بۆ وەرگرتنی وانە لە ئەزموونەکانی سیستمی پێشوو.
بۆیە، دروستکردنی گۆڕانکاریی ڕاستەوخۆ لە پێکهاتە و تەکنیکەکان بە دڵنیاییەوە کاریگەریی نەرێنی دەبێت، بۆ خۆپاراستن لەم کاریگەرییە نەرێنییانە، دەبێت یەکگرتنێکی قۆناغ بە قۆناغ هەبێت لە ئاستی پێکهێنانی هێزی هاوبەش و پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش، بۆ نموونە لیژنەی هەماهەنگی سەربازی چ بۆ شەڕی تیرۆر بێت یان بۆ سەقامگیرکردنی ئاسایش لە هەموو گۆڕەپانی سووریادا.
هێشتا لەسەر ئەم بابەتانە گفتوگۆ دەکەین.
نازانم، دڵنیا نیم لە ڕاستیی لێدوانێکی لەو شێوەیە، بەڵام (سەبارەت بە) ماوەی کاتەکە، بە دڵنیاییەوە ئێمە لە سووریا ساڵانێک لە ململانێدا ژیاوین و لەناکاو گۆڕانکاری ڕووی دا، ڕاستەوخۆ واتە لە ماوەی یەک ساڵدا دەبێت کاروبار بە تەواوی کۆتایی بێت یان چارەسەر بکرێت، ئەمەش شتێکی خەیاڵییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە تاوەکو کەناڵەکانی گفتوگۆ کراوە بن، تاوەکو هەوڵی جیدی هەبێت بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن، بە دڵنیاییەوە ئەم هەوڵانە بەرهەمدار دەبن، بەڵام دیاریکردنی ماوەیەکی کاتی و هەڕەشە و بەڵێنی ئەوەی کە ئەگەر نەگەینە لێکتێگەیشتن جەنگ ڕوودەدات، ئەمە کێشەیەکە، ئەمە زمانی هەڕەشەیە و هیچ سوودێکی نییە، بۆیە ئێمە ئێستا پێویستمان بە گفتوگۆکردن لەسەر ماددە دەستوورییەکانە وەک سوورییەکان نەک تەنها وەک کورد یان پێکهاتەیەکی دیکە، وەک سوورییەکان پێویستمان بە گفتوگۆکردن لەسەر ماددە دەستوورییەکانە، پێویستمان بە گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتی پتەوکردنی سەقامگیری و چۆنیەتی پاراستنی ئارامییە لە سووریا، بۆیە ئەم بابەتانە زۆر گرنگن بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی ڕاست و بنەما لەسەر خاڵەکان، دەکرێت ئەو خاڵ و بنەمایانە بنەمایەکی سەرەکی بن بۆ بنیاتنانی سەقامگیری و بنیاتنانی سووریای نوێ.
هەموو سوورییەکان زیانیان بەرکەوتووە و ئێمە لە قۆناغی بنیاتنانەوەی سووریاداین و بۆ ئاسوودەکردنی هەموو سوورییەکان دەبێت لەسەر سیستمی سیاسی یان سیستمێک ڕێک بکەوین کە سووریا بەڕێوە ببات.
لە ئەنجامدا، دەبینین کە ڕاگەیاندنی دەستووری دەبێت شێوەیەک لە شێوەکانی سیستمی لامەرکەزی لە سووریا لەخۆبگرێت، بۆ نموونە لە پەرلەماندا دوو ژوور هەبێت، یەکێکیان نوێنەرایەتی پارێزگاکان بکات و ئەوی دیکەشیان نوێنەرایەتی گەل بکات، جگە لە بابەتی مافی خوێندن بە زمانی دایک، بۆ نموونە ئەمە خاڵێکی سەرەکی بوو کە دەبوو ڕاگەیاندنی دەستووری لەخۆبگرێت، بۆ نموونە نوێنەرایەتی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیار، دەبوو لانی کەم گرنگی بە ڕۆڵی ژن بدرێت لە سووریای نوێدا بۆ ئەوەی سوورییەکان بە ڕاستی دڵنیا بن کە ئێمە بەرەو بنیاتنانی سووریایەکی نوێ دەچین کە نوێنەرایەتی هەمووان بکات.
بۆیە خاڵەکان زۆر نین، بەڵام خاڵی سەرەکین کە دەکرێت سووریای نوێیان لەسەر بنیات بنرێت.
بۆیە وەرگرتنی بیروڕای زۆرینەی کۆمەڵگای سووریا لە سووریای نوێدا زۆر پێویستە.
