دووشەممە. نیسان 20th, 2026

گرێکوێرەی ئاسایشی عێراق!

سەیرکراوە: (11.0K)

ڕێکار عومەر

ئەگەر دەتەوێت بگەیتە تێگەیشتنێکی تەواو بۆ مانا قێزەونەکانی دووڕوویی سیاسی، تەنها پێویستە سەیری شانۆگەریی دەسەڵات لە بەغدا بکەیت! ئایا گەمژەییەک هەیە لەوە گەورەتر بێت کە حکومەتێک لەسەر شاشەکان خۆی بە خاوەنی “سەروەری و هێزی چەکدار” بناسێنێت ، بەڵام لە واقیعدا نەتوانێت تەنانەت ڕێگری لە فڕینی یەک مووشەک بکات کە لە باخچەی پشتەوەی پایتەختەکەیەوە دەهاوێژرێت ؟ لێرە، ئێمە دەوڵەتێکمان نییە کە خاوەنی سوپا بێت، بەڵکو سوپایەکی سێبەرمان هەیە کە ناوی لە خۆی ناوە “دەوڵەت”! ئەم میلیشیا چەکدارانە کە ڕۆژانە بە ناوی “پیرۆزی و موقاوەمە”وە مێشکی خەڵکیان پڕ کردووە، نەک هەر لە دەرەوەی یاسادان، بەڵکو خودی یاساکانیان کردووەتە پاشکۆی ئەجێنداکانی خۆیان. کاتێک حکومەت توانای نییە قۆرخکاریی بەکارهێنانی هێز بپارێزێت و بە فشاری دەرەکی ناچار دەبێت چەند ئەفسەرێکی بچووک سزا بدات بۆ شاردنەوەی شکستەکانی ، ئیتر بۆچی ئەم فەنتەڵۆسانە شەرم ناکەن و دەست لەکار ناکێشنەوە؟

ئەو پارەیەی کە دەبوو ببێتە دەرمانی شێرپەنجە بۆ نەخۆشخانەکان، ئەمڕۆ دەکرێتە فیشەک و مووشەک بۆ سوپایەکی سێبەر کە کەس نازانێت فەرمان لە کێ وەردەگرێت! سەروەریی دەوڵەت وەک خاڵێکی ئەندازەیی وایە، نە دابەش دەکرێت و نە هاوبەشی پێ دەکرێت؛ هەرکاتێک دوو دەسەڵات و دوو شمشێر لە یەک وڵاتدا هەبوو، ئەوا دەوڵەت بە فەرمی کۆتایی هاتووە.” ئەمڕۆش لە عێراقدا، حکومەت ساڵانە زیاتر لە ٣.٥ ملیار دۆلار (کە یەکسانە بە تەواوی بودجەی وەزارەتی تەندروستی) دەداتە حەشدی شەعبی و میلیشیاکان ، تەنها بۆ ئەوەی ببنە ئەو شمشێرە دووەمەی کە ملی سەروەریی دەوڵەت دەپەڕێنێت. ئەمە هەڵەیەکی کارگێڕی نییە، بەڵکو گەورەترین ئۆپەراسیۆنی دزیکردنی یاساییە؛ کاتێک زیاتر لە ٥٠ هەزار “ناوی وەهمی و تارمایی” لەناو لیستی مووچەخۆرانی ئەمنیدا هەیە و پارەکەیان دەچێتە گیرفانی فەرماندە بازرگانەکانەوە ، ئیدی منداڵە لوسکەکان و خاڵۆژنەکانیان زۆر بە باشی دەزانن کە هێشتنەوەی ئەم “هێزە سێبەرە” باشترین گەرەنتییە بۆ بەردەوامبوونی تاڵانکارییەکانیان

کارەساتەکە تەنها لە بوونی چەکدا کورت نابێتەوە، بەڵکو لەو بێشەرمییەدایە کە پێی دەوترێت “ئابووریی تارمایی”. ئەم هێزە سێبەرانە نەک هەر مووچە و شەرعییەت لە دەوڵەت وەردەگرن، بەڵکو بازگەکانیان قۆرخ کردووە و ڕۆژانە باج و سەرانە لە شۆفێران و کاسبکارانی داماو دەسەنن. ئەوان ئابووریی وڵاتیان ئیفلیج کردووە و دەروازە سنوورییەکانیان کردووەتە سەرچاوەی داهاتی تایبەتی خۆیان، کەچی سەرۆک وەزیران کە ناتوانێت ئەم ڕاستییە بشارێتەوە، تەنها دەتوانێت بڵێت “ئەمە هێزگەلێکن لە دەرەوەی فەرماندەیی کار دەکەن” ! کاتێک تۆ وڵاتەکەت خستووەتە ناو گرێکوێرەیەکی ئەمنی و سیاسییەوە و تەواوی دامەزراوەکانت کردووەتە بارمتەی چەکی چەند گرووپێک کە وڵات بەرەو شەڕێکی هەرێمی ڕادەکێشن ، چۆن دەتوانیت سزای فەرمانبەرێکی سادە بدەیت لەسەر هەڵەیەکی کارگێڕی؟

ئیدی با کاتی ئەوە بێت ئەم دەمامکە بدڕێنین! ئەی ئەو گەلەی کە بوونەتە قوربانیی نێوان چەکی دەوڵەتێکی ترسنۆک و چەکی سێبەرێکی دڕندە، بێدەنگی بشکێنن! هاوار بکەن بە ڕووی ئەو مافیایانەدا کە داهاتووی نەوەکانی ئێوەیان کردووەتە سوتەمەنیی یارییە هەرێمییەکان و سامانەکەیانی پێ دەدزن. هاوار بکەن و ئەو تەختە بڕووخێنن کە تەنها کارگەیەکە بۆ بەرهەمهێنانی میلیشیا و دروستکردنی قەیران. تا ئەو کاتەی دوو شمشێر لە یەک وڵاتدا حوکم بکەن، ئێوە نە دەبنە خاوەنی نان و نە دەبنە خاوەنی ئاسایش، بۆیە ڕاماڵینی ئەم سیستەمە دووفاقییە تاکە دەرچەیە بۆ گەیشتن بە کەرامەتێکی ڕاستەقینە!

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 28 Today: 2,194 📊 Click Here