بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرایکرد؛ کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەوڵ دەدات ئێران ناچار بکات کە ٤ مەرجی توند وەک بنەمای گفتوگۆ ئەتۆمییە نوێیەکان قبوڵ بکات، بۆ ئەوەی دوورکەوێتەوە لە “ئاڵۆزبوونی سەربازیی ئەگەری” بە ڕەزامەندی واشنتۆن.
سەرچاوەکە بۆ ڕۆژنامەی “واشنتۆن پۆست”ی ئەمریکی ڕوونیکردەوە کە ئەو چوار مەرجە بریتین لە:
ئەنجامدانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ.
ڕاگرتنی پیتاندنی ئەتۆمیی.
کەمکردنەوەی پڕۆگرامی مووشەکی.
ڕاگرتنی دارایی بۆ بریکارەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی؛ ئەم مەرجانە، کە لە خولەکانی پێشوودا لە دیارترین ئاستەنگەکان بوون، ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوەیەکی پێشبینیکراو لەلایەن تارانەوە دەبنەوە.
هەروەها وتی؛ ئیدارەی ئەمریکا پێی وایە کاتی ئەوە هاتووە فشارەکان چڕتر بکرێنەوە، و سزاکان “ژینگەیەکی” گونجاو بۆ “چارەسەرێکی دیپلۆماسی” دروست دەکەن.
پێشتر، نەتەوە یەکگرتووەکان سزاکانی بەهۆی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەیەوە بەهۆی میکانیزمێکەوە کە بە چالاککردنی(سنەپ باک) ناسراوە، دووبارە بەسەر ئێراندا سەپاندەوە.
“واشنتۆن پۆست” دەڵێت؛ سەپاندنەوەی سزاکان لەسەر تاران، شڵەژانی لە سیاسەتی ئێراندا دروستکردووە، و فشارەکانی لەسەر ئابووری وڵات زیاد کردووە، کە پێشتر بەدەست لێکەوتەکانی سزاکانی پێشووترەوە دەیناڵاند.
لە لایەکی ترەوە، شارەزایان هۆشداری دەدەن، بەردەوامبوونی بنبەست لەگفتوگۆکاندا ڕەنگە ڕێگە بۆ نوێبوونەوەی ململانێ لەنێوان ئێران و ئیسرائیل بکاتەوە، کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی سووڕێکی درێژخایەنی توندوتیژی.
ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە
والی نەسر، پڕۆفیسۆری لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی جۆنز هۆپکنزی ئەمریکی، بە “واشنتۆن پۆست”ی وتووە: “نەگەڕانەوە بۆ گفتوگۆکان ئەگەری نوێبوونەوەی ڕووبەڕووبوونەوە زیاد دەکات”.
ئاماژەی بەوەشدا کە “دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ بە واتای وەستانێکی کاریگەر دێت بۆ دوژمنایەتییەکان لەنێوان ئیسرائیل و ئێران”.
لە ئاستی دیپلۆماسیدا، بەرپرسێکی ئەوروپی نیگەرانی خۆی دەربڕی کە سەپاندنەوەی سزاکان باشترین بژاردە نییە، ئاماژەی بەوەدا کە “دەرگای دیپلۆماسی هێشتا کراوەیە، ئێمە باوەڕمان بە چارەسەری سەربازی بۆ قەیرانی بڵاوبوونەوەی ئەتۆمی نییە”.
پێشتر، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل مافی خۆیەتی ڕێوشوێنی سەربازیی زیاتر دژی ئێران بگرێتەبەر، و دووپاتی کردەوە کە “ڕێگە پێنەدان بە ئێران بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی توانا ئەتۆمییە سەربازییەکانی زۆر گرنگە”.
گفتوگۆی سەخت بەبێ پێشکەوتن
وتووێژکارانی ئێران و ئەمریکا لە ماوەی وەرزی هاویندا لە ٥ خولی گفتوگۆدا یەکیان بینی، بەڵام بەهۆی “ناجدی بوونی لایەنی ئێرانی”ەوە سەرکەوتوو نەبوون، لە بەرامبەردا، تاران واشنتۆن بە لەباربردنی دەرفەتەکانی چارەسەری دیپلۆماسی تۆمەتبار دەکات.
گفتوگۆکان دوای هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەکانی ئێران لە مانگی حوزەیراندا وەستان، کە بەدوایدا ١٢ ڕۆژ شەڕ و ململانێ لەنێوان هەردوو لادا هات، و هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ٣ بنکەی ئەتۆمی ئێران، و بە ئاگربەستێکی هەستیار کۆتایی هات بە سەرپەرشتی واشنتۆن بەبێ ڕێککەوتنێکی ڕوون یان ڕێڕەوێکی دیپلۆماسی.
لە کاتێکدا شارەزایانی ئاسایش پێیان وایە نوێبوونەوەی ململانێی ڕاستەوخۆ کەمە، هۆشداری دەدەن لە ئەگەری چوونە ناو سووڕێکی “ململانێی نزمی توندوتیژی” لە ناوچەکەدا کە بە هێرشی دوولایەنە لەنێوان هەردوولادا دەناسرێتەوە.
سزاکان و کاردانەوەکانی ئێران
سزاکانی کە بە بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان دووبارە سەپێنرانەوە، قەدەغەکردنی چەکی ئاسایی، قەدەغەکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم، و سنووردارکردن لەسەر پڕۆگرامی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران، قەدەغەی گەشتکردن، سڕکردنی سەروەت و سامان دەگرێتەوە.
ئەم سنووردارکردنانە پێشتر بەپێی ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ هەڵگیرابوون، کە لەنێوان تاران و ئیدارەی پێشووی سەرۆک باراک ئۆباما و وڵاتانی تردا دانوستانی لەسەر کرابوو، سەپاندنەوەی سزاکان یەکێک لە دوا پاشماوەکانی ڕێککەوتنەکە کە دۆناڵد ترەمپ لە ماوەی یەکەمی سەرۆکایەتیدا لێی کشایەوە، لادەبات.
سەرەڕای جەختکردنەوەی ئێران لەسەر توانای بەرگەگرتنی فشارەکان، مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران، لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا کە “دیواری بێ متمانەیی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان هێشتا زۆر بەرزە”.
لە هەمان کاتدا، بەهای دراوی ئێران بۆ ئاستێکی پێوانەیی دابەزیوە، کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی خێرای ڕێژەی هەڵاوسان.
