پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا نامەیەك دەربارەی مووچەی فەرمانبەران و دۆخی هاووڵاتیانی هەرێم دەداتە سەرۆك وەزیرانی عێراق و داوای لێ دەكات، مووچە لە ناكۆكیە سیاسیەكان دووربخاتەوە و سزای ئەوانە بدات، كە كۆنتڕۆڵی نەوت و داهاتیان كردووە.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری ئەمڕۆ لەگەڵ عەلی باپیر-ی سەرۆكی حزبەكەی سەردانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقیان كرد و نامەیەكی دوو لاپەڕەیی ڕادەستی سودانی كرد.
سۆران عومەر لە نامەكەیدا بۆ سودانی، كە وێنەی داوە بە (خەڵك) ئاماژەی بەوەكردووە، پرسیاری خەڵکی کوردستان لەبەڕێزتان ئەوەیە ئایا گوناحی ئەوان چیە کە دەوامی خۆیان دەکەن و مووچەیان پێ نادرێت، بەڵام ئەوەی نەوت بەنایاسایی دەفرۆشێ و داهات ڕادەست ناکات بەپێی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدرڵی بۆچی ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەوانە ناگیرێتە بەر؟ تەنها مووچەی خەڵکی هەرێم ڕادەگیرێ و نانێردرێت!
سۆران عومەر سێ داواكاری دەخاتە بەردەم سەرۆك وەزیرانی عێراق و دەڵێت: مووچە ڕامەگرە و بڕیاری كۆتایی و چارەنووسساز لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بدە.
دەقی نامەكە:
بەڕێز سەرۆک وەزیرانی عێراق محمد شیاع سودانی سڵاوی خواتان لەسەر بێت وەک نوێنەرێکی خەڵکی کوردستان ئەمە دوا نوسراومە بۆ بەڕێزتان، نە خۆم کاندید کردۆتەوە تاکو لەنزیکی هەڵبژاردن دا بە موزایەدەی تێ بگەن نە لەم سێ ساڵەی تەمەنی حکومەتەکەی بەڕێزتان داوایەکی کەسیم لێتان هەبووە.
ئەمڕۆ کە ١/٩/٢٠٢٥ فەرمانبەران و خانەنشینان و کەم ئەندامانی هەرێمی کوردستان موچەی مانگی حوزەیرانیان بۆ نێردراوە هێشتا دابەش نەکراوە بەسەریاندا، دەزانین کە لەکابینەکەی بەڕێزتان زۆرترین پارەی موچە بۆ هەرێم هاتووە، کێشەکان بۆ ئێوە ماوەتەوە بەچارەسەر نەکراوی، هەرێم نەوت دەفرۆشێ و داهاتی نانەوتش کۆدەکاتەوە تاکو ئێستە چەندین ڕێکەوتن کراوەو پابەندنەبوون بەڕێکەوتنەکانەوە وایکردووە هەموو مانگێک موچە دوابکەوێ و شاند بێت و بەبێ ئەنجام بڕواتەوە.
پرسیاری خەڵکی کوردستان لەبەڕێزتان ئەوەیە ئایا گوناحی ئەوان چیە کە دەوامی خۆیان دەکەن و موچەیان پێ نادرێت، بەڵام ئەوەی نەوت بەنایاسایی دەفرۆشێ و داهات ڕادەست ناکات بەپێی یاسای بوجەو بڕیاری دادگای فیدرڵی بۆچی ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەوانە ناگیرێتە بەر ؟ تەنها موچەی خەڵکی هەرێم ڕادەگیرێ و نانێردرێت!
جەنابی سەرۆک وەزیران، هەرێمی کوردستان لەبەردەم دەستپێکی ساڵێکی نوێی خوێندنە، نەخۆشخانەکانی بێ دەرمانە، کاسبکارو خاوەن دوکان و هەموو چین و توێژەکان لەدۆخێکی دارایی خراپدان، جوتیارانمان گەنمیان تەسلیم کردووەو پارەکەیان پێ نەدراوە.
بەهۆی کێشەی دەروازە سنوریەکان و دانانی بازگەی حکومەتی عێراق خاوەن کارگە و کێڵگەی پەلەوەری ناوخۆی هەرێم نزیکن لە ئیفلاس.
١١ ساڵە لەهەرێم دامەزراندن نەکراوە بۆ دەرچوانی زانکۆو پەیمانگاکان و سێ یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان، گرێبەستمان هەیە ٢٠ ساڵە نەکراوە بەهەمیشەیی، مامۆستای وانەبێژمان لەسەرداهاتی ناوخۆ کراوەتە گرێبەست.
بە پشتبەستن بەوانەی سەرەوە داوا لە حکومەتەکەت دەکەم ئەم کارانەی خوارەوە بکات: 1. سزادانی هەموو ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی کۆنترۆڵ و فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ دەکەن. 2. ڕانەگرتنی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان، و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان. 3. بڕیاردانی کۆتایی و چارەنووسساز کە خزمەت بە بەرژەوەندی گەلی کوردستان بکات و کارکردن بۆ جیاکردنەوەی پرسی مووچە لە ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان هەردوو حکومەت.
لەگەڵ ڕێز و پێزانین…
