هەینی. ئازار 6th, 2026

ترەمپ و شەرم شێخ و جیهان گۆڕین

سەیرکراوە: (1.0K)

“ئەنجامی خۆڕاگری حەماس و خەڵکی غەزە، ئەمریکا و تەواوی دنیا ناچاربوون کۆبونەوەی شەرم شێخ ئەنجامبدەن”

مەلا بەختیار

١٣/١٠/٢٠٢٥ ھەر بەڕاستی ڕۆژێکی مێژویی بوو. درۆیە کە گوتراوە ژمارەی ١٣ نەحسە. دەرکەوت سەرگوزەشتەی ژمارە ١٣ ش قابیلی گۆڕانە.

کۆبوونەوەی لوتکەی شەرم شێخ_ میسر، یەکەمین جارە ئەمریکا بێوێنە و بەپێی پرنسیپی سیاسەتێکی نوێ دێتەناو ھاوکێشەی کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل. حەماسیش بەشێکی گرنگی دانوستانە و ژمارەیەک بەرچاوی سەرۆکە کاریگەییەکانی جیھانیش. ئامادەیی کۆبونەوەی ئاشتی دەبن. لە چەندین کاتژمێردا سەریش کەوت.

لە کۆتایی چلەکانەوە ھەتا کۆبونەوەی شەرم شێخ، (١٩٤٨_٢٠٢٥) لەبەر ئەوەی دەوڵەتانی عەرەبی زۆرتر پشتیان بە ژمارەی زۆری نەتەوەکەیان و ملیۆنەھا سەربازی سوپای ووڵاتەکانیان دەبەست. لەبەرامبەردا ئیسرائیل بە ١٥٠ ھەزار سەربازی ڕەسمی و دەیان ھەزار سەربازی یەدەکەوە پشتی بە تەکنەلۆجیا و ئابورییەکی مۆدێرن و سیتەمی حوکمڕانی ھاوچەرخ دەبەست. دەوڵەتانی عەرەبی نەیانتوانی سەرکەوتنێکی یەکلا کەرەوە دژی ئیسرائیل بۆ ڕزگارکردنی فەڵەستین بەدەست بھێنن.

ڕاستە لە ڕابردودا دەوڵەتانی عەرەبی بەسەر ئیسرائیلدا سەرنەکەوتون. ڕاستیشە ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنساو ووڵاتانی تریش پشتیوانی ئیسرائیلیان کردووە. بەڵام ئەمریکاو ئیسرائیل قەت ئاوا باڵادەست نەبون و لە بەرامبەریشیاندا دەوڵەتانی عەرەبیش لە ڕابردودا ئاوا دەستەپاچە نەبوون. ھەرگیزیش ئەمریکا و ئیسرائیل نەیان توانییوە، ڕێککەوتنی وەکو شەرم شێخ. بەسەرپەرشتی سەرۆکی ئەمریکا گەورەترین ڕێکەوتن ئیمزا بکەن. کەنەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل کاریگەرە، بەڵکو بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لەسەر ئاستی جیھانیش زۆر گرنگە.

ڕاستە ئیسرائیل ڕاستەوخۆ ئامادەی کۆبونەوەکە نەبوو، ئامادە بوایە بەشێکی ئامادەبوان شەرم شێخیان جێدەھێشت. بۆیە ئیسرائیل بەبیانوی جەژنەکانی جولەکەوە خۆی لە کۆبونەوەکە دزییەوە. بەڵام بەوردی چاودێری پڕۆسەکەی کردووەو زۆربەی مەرجەکانی خۆیشی سەپاندووە. لە بەرامبەریشدا:

حەماس، بەھەمان شێوە جەمسەرێکی سەرەکی گفتو گۆکان بوو. بەبێ ڕەزامەندی سەرکردایەتی حەماسیش، شەرم شێخ نەدەگیشتە ئەو ستراتیجە ھاوبەشە.

لەڕوی ھێزی چەکدارو دەسەڵاتی غەزەوە، حەماس کۆتایی دێت. بەڵام ناشبێت ئەوە لەبیر بەرینەوە، سەرەڕای ھەڵەی گەورەو کوشتارێکی بێ شومارو خاپورکردنی غەزە، ھەر ئەنجامی خۆڕاگری حەماس و خەڵکی غەزەوە، ئەمریکا و تەواوی دنیا ناچار بوون کۆبونەوەی شەرم شێخ ئەنجام بدەن. تەنانەت ئێرانیش دژی کۆبونەوەکە لێدوانی نەدا.

ئەگەر ڕێکەوتنی شەرم شێخ، بگاتە چارەسەری کێشەیی ڕیشەیی فەڵەستن و دەوڵەتی سەربەخۆیان، دیسان ناتوانرێت کاریگەری حەماس و خۆڕاگریان فەرامۆش بکرێت.

دەپرسین: ئەگەر کاریگەری حەماس و قوربانی و خۆڕاگریان نەبێت( سەرەڕای تێکڕای کارەساتەکە) ئەی بۆچی لەجەنگی ١٩٦٧ عەرەب نەیتوانی ئەم سەرکەوتنە و ئەم ڕێکەوتنە بەدەست بھێنێت؟

ئەی بۆچی لەجەنگی ١٩٧٣ دا، کە ھێڵی بەرگری بارلیڤی ئیسرائیلیشیان تێک شکاند. میسرو دەوڵەتانی عەرەبی نەیان توانی کۆنگرەی ئاوا لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا و پەیمانی وارشۆ سازبدەن. بەڵکو دوای ستراتیجی ئاشتەوای میسرو سادات، لەگەڵ ئیسرائیل، تەواوی ووڵاتانی عەرەبی بەگشتی لەکێشەی فەڵەستین پاشەکشەیانکرد. کەوابێ: لێکدانەوەی بابەتی ئەوەیە، حەماسمان قبوڵبێت یان قبوڵ نەبێت، کارەساتی غەزە جەند جەرگ بڕ بوبێت، بەڵام کاریگەری حەماس و قوربانییەکانی غەزە لەدوا ئەنجامدا بۆ کۆبونەوەی باڵای شەرم شێخ ناکرێت فەرامۆش بکرێت.

ھێزە ئیسلامیێەکان لە چۆنێتی باسکردنی شەڕی غەزەدا یەکلایەنە سەیری ڕوداوەکان دەکەن. ھێزەکانی تری نائیسلامیش ڕاستییە بابەتییەکان لەبەر چاو ناگرن. بۆیە:

١٣/ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥، ئەو ڕۆژەیە کە ترامپ جیھانی گۆڕی. جیھان لەدوای کۆبونەوەکەی باڵای شەرم شێخ، ئیتر جیھانێکی تر دەبێت. بەتایبەتی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا. نە ئەمریکا و نە ئەو ووڵاتانەی لە کۆبونەوەکەی شەرم شێخدابوون، بۆ تەکتیکی سیاسی، یان بۆ دەستکەوتێکی کاتی بڕیاری بەشداری کردنی ئەو کۆبونەوە چارەنوس سازەیان نەداوە. بەڵکو ڕێکەوتنی شەرم شێخ، ڕۆژێکە جیھان بەرەو گۆڕانکاری فراوان لە ڕوی سیاسی و ئابوری و ئاساییشەوە دەبات.

ئەم سەرکەوتنە ترەمپ ڕابەرەکەیەتی. ١٣/١٠/٢٠٢٥ ئەو ڕۆژەیە کەجیھان بەرەو گۆڕانکاری ھەمە لایەنە وەردەچەرخێنێت. بەتایبەتی لەم ھەلومەرجەدا کە ھێشتا جەنگی ئۆکرانیا گەرمە. ناکۆکی چین و ئەمریکا قوڵە. ڕوسیا و ئەمریکا ڕێک نەکەوتون. واتا: پێناسە نوێکەی جەنگی دووەمی سارد. یان جیھانی فرەجەمسەری، لە سەردەمی جیھانگیریدا ھێشتا بەتەواوەتی گەڵاڵە نەکراوە بۆیە ئەمریکا پرنسیپە کۆنەکەی ڕۆناڵند ڕیگانی ١٩٨٤ بە ھەموو توانایەک لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەسەپێنێت. ئەویش بەھێز ئاشتی بەدیھێنانە. شەڕی غەزە، باشوری لوبنان، لێدانی حوسییەکان و جەنگ دژی ئێران و ھەڕەشەی ھەمەلایەنە لەسەر حەشدی شەعبی لە عێراقدا، ڕوداوە ھەرە کاریگەرییەکانی سیاسەتی بەھێز بەدیھێنانی ئاشتییە. لوتکەی شەرم شێخیش، زادەی جەنگ و پەلاماردان و فشاری ھەمەلایەنەی ئەمریکا و ئیسرائیل و دۆستەکانیان بوو. لە دووساڵی ڕابردودا.

بەدوری نازانم لەدوای ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق، فشاری ئەمریکا لەناو عێراق و لە ھەرێمی کوردستاندا، بۆ یەکخستن و چەسپاندنی ھێزە چەکدارەکانی دەوڵەتی شەرعی، زیاتر بکرێت.

یەکێک لە ئەنجامە کاریگەرییەکانی دوای شەڕی غەزەو دوای لێدانی کۆماری ئیسلامی ئێران و حیزب للەی لوبنان و حوسییەکانی یەمەن، کتومت ئەوەیەکە: تەواوی ووڵاتانی ڕۆژ ھەڵاتی ناوەڕاست، تێگەیشتن کە بەستراتیجی جەنگی کلاسیکی و توانای عەسکەری و قوربانی و قارەمانێتی ھێزە چەکدارەکانی ڕابردوو، ناکرێت بەرامبەر بە ستراتیجی جەنگی مۆدێرن و تەکنەلۆجیای کوشندەی جەنگ و زانیاری ئیستخباراتی نوێ، بۆ چارەسەر کردنی کێشە سیاسییەکان، ھانا بۆ چەنگ ببرێت. ئەم ھێزانەی ووڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، تەنھا بۆ جەنگی بچوکو سەرکوت کردنی خۆپیشاندان و زەبر و زەنگ بەرامبەر دیموکراسی و ھەڕەشەو گوڕەشە لە دەنگی ناڕەزا، کاریگەرن. ئەگینا بۆ جەنگی گەورەو لەبەرامبەر ووڵاتانی خاوەن تەکنەلۆجیای جەنگین، دژوارە بتوانن ووڵاتەکانیشیان بپارێزن.

لوتکەی شەرم شێخ، سەپاندنی ئاشتییە بە ھێزی جەنگی مۆدێرن.

لەڕەھەندی ھاوکێشەکاندا، بۆ دەھەی ئایندەش، تروسکاییەک نابینم، ھاوکێشەی تەکنەلۆجیای عەسکەری و زانیاری ئیستخباراتی مۆدێرن و ستراتیجی بەھێز سەپاندنی ئاشتی، ھیچ دەوڵەتێکی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بتوانێ گۆڕانکاری بەسەر ئەوھاوکێشەیە بھێنێت، کە لوتکەی شەرم شێخ چەسپاندی. بۆیە شاڕێی سیاسی چارەسەری سەرجەم کێشەکان ئاشتەوایی ستراتیجییە. نەگ جەنگێک پێش وەخت ئەنجامەکەی دەزانرێت…

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 104 Today: 352 📊 Click Here