احمد حميد محمد
وێنەی پاسەوانێک بهێنە پێش چاوت کە لەبری پاراستنی ماڵەکە، دەرگاکان لەسەر خاوەن ماڵەکە کلیل دەدات و خۆی لەگەڵ دزەکاندا خەریکی بەشبەشێنەی کەلوپەلەکانە ! ئەمە ڕێک وێنەی ئەو کارەساتەیە کە ئەمڕۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەگوزەرێت؛ سیستەمێک کە لەبری خزمەتکردن، بووەتە ئامێرێکی کوشندە بۆ هاڕینی کەرامەتی مرۆڤەکان و مژینی داهاتی نەتەوەیەک. کاتێک نەخۆشخانەکان دەبنە شوێنی مەرگی بێدەنگ، پەرلەمانەکان دەکرێنە دیواری بێگیان، و ڕەخنەگرانیش لە زیندانە تاریکەکاندا دەڕزێنرێن، ئیتر درۆی دەوڵەتداری بەتەواوی ڕووت دەبێتەوە !
لە ژێر سایەی ئەم حوکمی خێزانی و میلیشیاییەدا، دامەزراوەکان تەنها پەردەیەکن بۆ شاردنەوەی تاڵانییە گەورەکان. نەخۆشخانە گشتییەکان لە دەرمان خاڵی دەکرێنەوە تا کۆمپانیاکانی حیزب بازاڕەکانیان قۆرخ بکەن، پەرلەمان پەک دەخرێت تا داهاتی دەروازە سنوورییەکان و نەوتی دزراو لە تاریکیدا دابەش بکرێت. ئەوەی دەمێنێتەوە، تەنها هێزە تاریکەکان و چەکدارانی سێبەرن کە ئەرکیان پاراستنی گەندەڵکاران و خنکاندنی هەر دەنگێکە کە داوای دادپەروەری بکات، لێرەدا سەروەریی یاسا نەماوە، بەڵکو یاسای دارستان جێگەی گرتووەتەوە !
ئەلبێرت کامۆ دەڵێت: “خۆشگوزەرانیی گەل، هەمیشە بووەتە پاساوی هەمیشەییی ستەمکاران” ! ئەم حەقیقەتە تاڵە ڕێک پێناسەی ئەو شانۆگەرییە دەکات کە ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی ئێرە پێوەی خەریکن. هەروەک چۆن لە وڵاتانی دیکتاتۆریدا ئاسایش و سەقامگیری دەکرانە بیانوو بۆ کوشتنی ئازادییەکان، لەم نیشتمانەشدا هەموو سەرکوتکردنێکی مەدەنی و دروستکردنی پەڕاوی ساختە بۆ ئازادیخوازان، لەژێر دروشمی “پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی” ئەنجام دەدرێت. بەڵام کام بەرژەوەندی؟ بەرژەوەندیی ئەو مشەخۆرانەی کە نیشتمانیان کردووەتە کاڵایەکی هەرزان لە گیرفانی خۆیاندا !
کاتێک چارەنووسی وڵاتێک دەکەوێتە دەست ئەوانەی کە بازرگانی بە خوێن و ئازاری خەڵکەوە دەکەن، ئیدی هیچ دامەزراوەیەک نوێنەرایەتیی هاوڵاتیی سادە ناکات. دادگاکانی کارتۆنی تەنها بۆ چەوساندنەوەی بێهێزەکانن، و حکومەتی ئیفلیجکراویش تەنها سێبەرێکە بۆ پەردەپۆشکردنی بڕیارەکانی ژێر مێز. لەم فەزایەدا، ئازادی بووەتە تاوانێکی گەورە، و بێدەنگیش بووەتە باجێک کە دەبێت هەموو تاکێک بیدات بۆ ئەوەی تەنها لە ژیاندا بمێنێتەوە.











Leave a Reply