مەلا بەختیار
ساڵەھایە کێشمەکێشەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، درێژەی کێشاوەو ناوبەناو، وەک بورکانەکانی ژێر زەمینی بەرژەوەندییە ئاشکراو نھێنییەکان، تەقینەوەی گەورەو بچوکی لێدەکەوێتەوە. شەڕی غەزە، تێوەگلانی حیزباللەی لوبنانی، یاخیبونی حوسییەکان، چارەسەرنەکردنی کێشەکانی سوریای بەشار ئەسەدو ئیسرائیل، ھەروەھا ناکۆکییەکانی سوریا و تورکیا و دەوڵەتانی عەرەبی (جگە لەعێراق) سەرەنجامەکەی، گەرچی پشتیوانی ئێرانیشیان ھەبوو، بەڵام ڕژێمی بەشار ئەسەد ھەر ڕوخا. ڕوخانی بەشار ئەسەدیش، کە چەقی کێشەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بوو، سەراپا ھاوکێشەکانی لە ناوچەکەدا گۆڕی. ھەموو ئەو دەوڵەت و لایەنانەی ستراتیجی ھێرش و گوڕەشەی لەناوبردنی ئیسرائیلیان ھەبوو، دوای بەشار، ستراتیجەکەیان بۆ بەرگری و خۆ پاراستن گۆڕا. تەنانەت حکومەتی نوێی سوریا، بۆ یەکەمجارە لە مێژوی خۆیدا، داوای ئاشتەوایی و ڕێککەتن لەگەڵ ئیسرائیل دەکات!! جەختیشدەکەنەوە کە سوریا، نابێتە ھەڕەشە لەسەر ئیسرائیل و ڕێگەش نادەن ھیچ لایەک خاکی سوریا دژی ئیسرائیل بەکاربھێنێت.
حەماس، بەشی زۆری ھێزەکەی تێکوپێک شکێنراو، شاری غەزەش تەنھا ئاسەوارەکەی ماوە. بەڵام ھێشتا پاشماوەی حەماس و ھێزەکەی لەمەیدانەکەدا ماون. حیزباللەی لوبنانیش تاڕادەیەکی زۆر پاشەکشەی کردو ئێستا بەدوای دەربازبوون دەگەڕێت.
سەرکەوتن لەم شەڕە لۆکاڵیانە ئەمریکاو ئیسرائیلی لەناوچەکە باڵادەستکرد. ئەمەش ھاوکێشەیەکی سیاسی نوێ و قۆناغێکی ئیقلیمی جیاواز تری لە دوای جەنگی جیھانی یەکەمەوە ھێناوەتە گۆڕێ. دەتوانین بیچوێنین بەھەمان قۆناغی جەنگی تشرینی ١٩٧٣ی عەرەب و ئیسرائیل. کە ئیدی میسر و سوریا و تەواوی وڵاتانی عەرەبی، چ وەکو دەوڵەت و چ وەکو ستراتیجی عەرەبی ھاوبەش، دەستبەرداری جەنگ، ھەروەھا دەستبەرداری ئەوەش بوون کە کێشەی فەڵەستین، تاقە کێشەی مەرکەزی نەتەوەی عەرەب بێت. لەوە بەدواوە، ھەر وڵاتێکی عەرەبی کێشەی مەرکەزی ناوخۆیان ھەبوو. ھەر بۆیە ئەو وڵاتانەی لە جەنگ دور کەوتنەوە بوژانەوەیەکی بەرچاویان بەدیھێنا. بەڵام سوریاو لوبنان و فەڵەستین، ھێشتا لەناو گێژاوی قوربانی و ماڵوێرانیدا ماون.
ئەم قۆناغە، سەبارەت بە ستراتیجی ئەمریکا و ئیسرائیل، لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ ئەو دیزاینە سیاسییە نوێیەی ھەیانە، ئەرکی تری مابوو بۆ ئەوەی جارێکی تر حەماس و حیزباللە و حوسییەکان، ھەروەھا فەسائیل و حەشدی شەعبی عێراق، نەتوانن ستراتیجێکی عەسکەری ھاوبەش، دژی ئیسرائیل داڕێژن. بۆیە ئەمریکا لە کورە ئەتۆمییەکانی ئێرانیدا و ئیسرائیلیش ١٢ ڕۆژی ڕەبەق لە ئاسمان و زەمین ھەڵیکوتایە سەری. لە ئاسمان بە فڕۆکەو درۆن، لە زەمینیش بە سیخوڕەکانی و تیرۆرکردنی فەرماندە عەسکەرییەکانی ئێران.
ئێران جەزرەبەیەکی کوشندەی بەرکەوت. بەڵام خۆشی گرت و بەپێی ھەواڵەكان توانای بەرگری وڵاتەکەی ڕێکخستوەتەوە. بەڵام بەھەموو حسابێکی عەسکەری و ئەمنی ناکرێت ئێران وەکو ئێرانی پێش جەنگی ١٢ ڕۆژە مابێتەوە. گەرچی وەکو کاریگەرترین وڵاتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش بەرامبەر نەخشەی سەپاندنی دیزاینی نوێی ناوچەکە، ھێشتا بەرگری دەکات. بەڵام ڕەھەندی لێکەوتەکانی جەنگەکەو ئەگەری بەرپابونەوەی جەنگێکی تر، کۆتایی نەھاتووە.
کۆبونەوەی شەرم شێخ، ١٣/١٠/٢٠٢٥، تاڕادەیەک بۆ ئەوە بوو دۆستەکانی ئێران ببەستنەوە بە ڕێكکەوتنێکی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی، ھەتا جارێکی تر ئێران سیناریۆی بەرەی مقاومەت تۆکمە نەکاتەوە.
ئێمە باوەڕمان بەوە نییە ڕووداوەکانی مێژوو کتومت دوبارە بێتەوە، بەڵام چۆن ١٩٧٧ میسر ، بەسەردانی سادات بۆ ئیسرائیل، ئیتر کۆتایی بە جەنگی عەرەب و ئیسرائیل ھێنا. ئەمجارەش دوای ٤٨ ساڵ ھەر سەر زەمینی میسر بوو بە ڕێککەوتنێکی تری ستراتیجی، لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.
بە ڕاستی ئەو ھاوکێشەیە ڕاستە لە مێژودا، کە جەنگ بەبێ میسرو ئاشتیش بەبێ سوریا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ڕونادات.
قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی شەرم شێخ، کە بەردانی دیلەکانی ئیسرائیل و گێڕانەوەی تەرمەکانیان بوو، کۆتاییھات.
قۆناغی دووەمی داماڵینی چەکەکانی حەماس و داپڵۆسینی دەسەڵاتەکەیەتی، ھەتا زەمینە خۆشبکات بۆ حوکمڕانییەکەی مەدەنی بە چاودێری نێوەدەوڵەتی لە غەزە، ئەم قۆناغە ھێشتا دەستی پێنەکردووە.
حەماس مەرجی ھەیە، کە تەنھا چەکەکانی ڕادەستی دەسەڵاتێکی فەڵەستنی بکات. ئیسرائیل ئەمەی قبوڵ نییە، بەڵکو ھێڵێکی زەردی درێژ کۆڵەی لەمسەر بۆ ئەوسەری حەماس ڕاکێشاوەو بەشێکی سەر زەمینی غەززەی کردوەتە موڵکی خۆی. دوور نییە ئەمیش وەکو بەرزاییەکانی جۆلان بکاتە بەشێکی خاکی ئیسرائیل. لە لوبنانیش ھەمان تەماحی ھەیە، لەجەبەل شێخ و سنوری کێڵگەکانی شەبعە. لەناوچەکانی دروزی سوریاشدا چاوی بڕیوەتە ڕوپێوێکی ھاو سنوری خۆی. ھەر ئەمەش لە سنورەکانی خۆیدا، بە دەستەبەری ئاسایشی ئیسرائیل دەزانێت.
حیزباللەی لوبنانیش، ئامادە نییە چەک ڕادەستی دەوڵەت بکات. لە ژێریشەوە بە قاچاغ، لە ڕێگەی سوریاوە چەک دەگەیەنێتە باشوری لوبنان. چەند جارێکیش کاروانی چەکیان لە سوریا گیراوە. حوسییەکانی یەمەن بێدەنگ کراون. حەشدی شەعبی عێراقیش لەژێر فشارێکی دژواردان. لەوانەش گرنگتر ئێران ھێشتا دەستبەرداری دژایەتی ئیسرائیل نەبووەو ڕێگەشی نەداوە، دەرگاکانی گفتوگۆ لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەتۆم بێ مەرج بکرێتەوە. بەڵکو دەستبەرداری بەرەی مقاوەمەتیش نەبووە.
حەشدی شەعبی و فەسایلی عێراق ھێشتا دۆستی ئێرانن و بەھێزیشن. دۆستی تریشی لەکوردستان و عێراقدا ھەیە. ئەمریکا و ئیسرائیلش دەزانن عێراق باخچەی پشتەوەی ئێرانە. لە ڕوی ستراتیجیشەوە، عێراق بۆ ئێران لەم بارودۆخەدا، چارەنوسسازە.
کۆی ئەو بارودۆخە پێماندەڵێت: جارێکی تر ژێر بەژێر دۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە جۆش و خرۆشدایە و لەبەردەم دووڕیانێکدا ڕاوەستاوە:
ڕێیەکیان.. ئاشتەوایی ڕاستەقینەی ھەمەلایەنەیە لەگەڵ ئەمریکا و دۆستەکانی. بێگومان لەم دۆخەدا کۆماری ئیسلامی ئێران گرنگترین وڵاتی ئاشتەواییە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.
ڕێی دووەمیشیان… دیسانەوە بەرپابونەوەی جەنگە. جەنگی ئەمجارەش، ماڵوێرانتر دەبێت لە جاری ڕابردوو. ھەم ئیسرائیل ھەم ئێران لە ھەموو بارەیەکەوە خۆیان بۆ جەنگێکی تر تەیار تر و تۆکمە تر کردووە. جەنگەکەش ئەگەر بەرپا بکرێت ١٢ ڕۆژ زیاتر دەخایەنێت. ھەتا ئەنجامەکەی ئاشتەوایی نەبێت (سعودییە و خلیج، ئیسرائیل، ئێستا سوریاشی تێکەوتوە) ئاسایش و بەرژەوەندیان دابین نەکرێت، ئێرانیش ستراتیجی ئاشتەوایی قبوڵ نەکات، جەنگەکە ئاسان نییە ڕابگیرێت.
ئەگەر مێژوو دەرس وەرگرتن بێت لە شکست و ھەڵە. بەھیچ شێوەیەک نابێت جارێکی تر بە ھیچ پاساو و بیانویەک، ھیچ لایەک ببێتە مایەی بەرپابونەوەی جەنگ. نە جەنگی ئاینی، نە جەنگی مەزھەبی، نە جەنگی نیشتیمانی و نە جەنگی نەتەوەیش. پاساوی ئەو جەنگانە لەھەلومەرجی ئێستای جیھان و ناوچەکە نەماوە. واخەریکە جەنگی ئۆکرانیاش کۆتاییدێت.
تاکە ڕێگا، ڕێگای ئاشتەواییەکی ھاوسەنگە. ڕێگای چارەسەرکردنی کێشەکانە، بە دابینکردنی مافی ھەموو لایەک. ھەموو دەستدرێژییەکی عەسکەری، جگە لە زیان ھیچ قازانجێکی نییە. چۆن ڕوسیا، کە زلھێزێکی ئەتۆمییە نەیتوانی سەراپا خاکی ئۆکرانیا داگیربکات و حکومەتەکەی بڕوخێنێت. بەھەمانشێوە زلھێزێکی وەکو ئەمریکاش، بێڕادە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کێشانەوەی نەخشە سیاسییەکەی، بە ئاشتەوایی یان جەنگ، دەوڵەتێکی ھەرە کاریگەرە.
تاکە ئەرکی مەرکەزی، بۆتەواوی وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەرکی بەدیھێنانی دیموکراسی، چارەسەرکردنی قەیرانە ئابورییەکان،دابینکردنی مافی گەلان، بایەخدانە بە نەشونمای (تنمییە) مرۆیی، ژیری دەسکرد، ژینگە پارێزی و مافی ژن و مافی مرۆڤە. ئەمیش تەنھا لەناو چوارچێوەی وڵات بە وڵاتدا، بە ئاشتەوایی دێنەدی. نەک لەسەر ئاستی ئیقلیم و ھەرێمایەتی، ئەویش بە ڕێگای زەبرو زەنگ.
ماوەتەوە لەم بارودۆخە، دۆخی کوردستان بەرەو کوێ؟ تاکە ڕێگا ئەوەیە بەستراتیجێکی سیاسی ھاوبەشی ھێزە کوردستانییەکان، پێگەی کوردستان بەھێز بکرێت، ھەر ئاڵوگۆڕێکی پۆزەتیف، لە ڕوی سیاسی و ئاساییشەوە، سەبارەت بە عێراق لە ئایندەی گۆڕانکاری ناوچەکەدا بێتەدی، ناکرێت ھێزە کوردستانییەکان بە قوڵکردنەوەی ناکۆکییەکانی ناوخۆ، پێگەو پرسی کوردستان لەو ئاڵوگۆڕانە لاواز بکەن. بەتایبەتی ئابوری کوردستان و نەوت و گازەکەی، ئێستا بەشێکی بەرچاوی بازاڕی وزەی جیھانن.
ئەو ھەلومەرجەی بەڕێوەیە بابەتییە، ناکرێ و ناشێ بەھەڵەی خۆیی، ھەلو ھەڵکەوتەکانی لەدەست بدرێت. بەتایبەتی لەدوای ڕێککەوتنی (سایکس بیکۆ-١٩١٦)و ( لۆزان-١٩٢٣) وە، یەکەمینجارە زەمینەی چارەسەرێکی دیموکراسی بۆ باکورو ڕۆژ ئاوای کوردستانیش ڕەخساوە. بێگومان ھەر ئاڵوگۆڕێک لە ئێرانیش بێتەدی، چارەسەرکردنی کێشەی ڕۆژھەڵاتی کوردستانیش دێتە ڕیزی بەشەکانی دیکەی کوردستان.
لە کۆتایدا، ئەگەر پێگەی ئابوری و سیاسی کوردستان، لە ئاڵوگۆڕەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و عێراقدا، بە ڕێککەوتنی سیاسی و بەپێی دەستوری عێراق، بەدەرس وەرگرتن لە ھەڵەکانی ڕابردوو، پتەو نەکرێ و کێشە ناوخۆییەکانی کوردستانیش یەکاڵا نەکرێنەوە، بێگومان دۆخێکی وای نالەبار، کاریگەری زیانبەخش لەسەر بەشەکانی تری کوردستانیش دەبێت.
