وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا دەستی پێکردەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ شەممە، لەڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بە سەرپەرشتی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت، حەیان عەبدولغەنی و بە هاوکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025، هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆری عێراق- تورکیاوە دەستیپێکردەوە.
وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەشکردووە، هەناردەکە لە کاتژمێر 6:00ـی بەیانی بەبێ بوونی هیچ کێشەیەکی تەکنیکی دەستی پێکرد، ئەمەش ڕەنگدانەوەی سەرکەوتنی هەوڵە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمە لە بەدیهێنانی ئەم دەستکەوتە گرنگەدا.
ڕاشیگەیاند، ئەم پێشهاتە هەنگاوێکی بەرچاوە بۆ بەڕێوەبردنی سامانە نیشتمانییەکان بە گیانی هاوبەشی و هەماهەنگی، هەروەها بەشداریکردن لە دەستەبەرکردنی بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوت و پاڵپشتیکردنی ئابووریی نیشتمانی.
