بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە لەسەر گواستنەوەی خوێندکاران بڕیارێکی ڕاگەیاند و دەڵێت”بڕیارمانداوە لەڕێگەی کۆمپانیایەکەوە کامێرای چاودێری و جی پی ئێس لەنیو ئۆتۆمبێل و پاسەکان دابنێین”.
نەژاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، لە لیدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە خەمخۆریمان بۆ قوتابیان و خوێندکاران و بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوی ناشارستانی و ئەو کێشانەی پەیوەندی بە ناوەندەکانی خوێندن هەیە، بڕیارمانداوە کامێرا و جی پی ئێس لەناو سەرجەم پاس و تەکسی گواستنەوەی خوێندکاران دابنێین، و بۆئەمەش داواکارین هەر کۆمپانیایەک ئارەزومەندە بەم کارە تەندەرین ئامادەبکات و پێشکەشی بکات.
ئاماژەی بەوەشدا، بەشێکی زۆری بینای ناوەندەکانی خوێندن پیویستیان بەکاری نۆژەنکردنەوە هەیە، بۆئەمەش لە ئێستادا زیاتر لە 100 خوێندنگا لەژیر نۆژەندکردنەوەدان، کە بەشیکیان لەلایەن خێرخوازان و بەشێکیان لەسەر ئەرکی وەزارەتی دارایی کاری نۆژەنکردنەوەیان بۆ دەکرێت، هاوکات نزیکەی 40 خوێندنگە مەترسی ڕووخانیان لەسەرە و چۆڵکراون چونکە شیاوی خوێندن نییە تێیدا.
لەبارەی دەستپیکی پرۆسەی خوێندنی ئامەساڵ و بایکۆت، نەژاد عەبدوڵا ڕایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، و 21ـی ئەیلوول زەنگی خوێندن لێ دەدرێت، بۆیە داواکارین سەرجەم مامۆستایان و سەرپەرشتیاران بە گیانێکی لەخۆبوردەییەوە هەروەک ساڵانی پێشوو دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بەرووی خوێندکاراندا بکەنەوە.
