ژمارەیەك ڕێكخراوی مامۆستایان لە هەولێر لەگەڵ دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن، زەنگی خۆپیشاندان لێدەدەن و داوای ڕێككردنەوەی دابەشكردنی مووچە لە وادەی خۆیدا و دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە دەكەن.
ژمارەیەك لە ڕێكخراوی مامۆستایان لە هەولێر لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەیان بەوەداوە، دەستبەجێ بڕیار دەربكرێت بۆ پلە بەرزكردنەوەی مامۆستایان و سەرجەم فەرمانبەران. هەروەها قەرەبووی ئەو مامۆستایانەش بكرێتەوە كە لەم ساڵانەی دواییدا خانەشین كراون و بەهۆی راگیرانی پلە بەرزكردنەوە زیانی زۆریان بەركەوتووە.
دەشڵێن: كە هەموو لایەكمان بەیەكەوە هەموو جۆرە خەباتێكی شارستانی بگرینەبەر، بە گردبوونەوەو خۆپیشاندان و هەر ڕێکارێکی تری شارستانی لەپێناوی ماف و ژیانێكی شایستە بۆ مامۆستایان و پاراستنی ڕۆڵ و شكۆی ڕابەرانی پەروەردە.
*بە بۆنەی ساڵی نوێی خوێندن پەیامی هەندێ لە دەستە و رێكخراوەکانی مامۆستایانی دەرەوەی دەسەڵات جەماوەری مامۆستایانی كوردستان خوشك و برایانی پەروەردەكاری قەدرگران
قوتابی و خوێندكارانی خۆشەویست سەرەتا بە بۆنەی ساڵی نوێی خوێندنی (2025-2026) گەرمترین پیرۆزبایی دڵسۆزانەتان پێشكەش دەكەین و هیوادارین بە ئاسوودەیی و سوودوەرگرتنی هەموو لایەك ئەمساڵی خوێندن بەڕێ بكەین.
بەداخەوە لەم كاتەدا كە ساڵی نوێی خوێندن دەستپێدەكات مامۆستایان مووچەی سێ مانگیان وەرنەگرتووە! لەم بۆنەیەدا و لەم كاتە ناهەموارەدا كە مامۆستایان و تەواوی مووچەخۆرانی پێدا تێدەپەڕێت، داواكارین گشت كۆسپ و گیروگرفت و ناتەواوییەكانی بەردەم پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن چارەسەر بكرێن و داخوازییە یاسایی و ڕەواكانی مامۆستایان جێبەجێ بكرێن، كە گرنگترینان لە ئێستادا لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەخەینەڕوو:
1-كۆتایی بەم شەڕە دەروونییە بهێنرێت لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێم كە ماوەی (10) ساڵی تەواوە بەردەوامە! دەسەڵاتدارانی هەرێم: ئێوە خۆتان بە حكومەت دەزانن و ئەم هەرێمەش خاوەن داهاتی نەوتی و نانەوتی زۆرە، بۆیە پێویستە مانگانە بەڕێكوپێكی مووچە دابەش بكەن، ئەگەر ئەمەشتان پێناكرێت بە تەواوی لەگەڵ بەغدا رێكبكەون. 2-دەستبەجێ بڕیار دەربكرێت بۆ پلە بەرزكردنەوەی مامۆستایان و سەرجەم فەرمانبەران. هەروەها قەرەبووی ئەو مامۆستایانەش بكرێتەوە كە لەم ساڵانەی دواییدا خانەشین كراون و بەهۆی راگیرانی پلە بەرزكردنەوە زیانی زۆریان بەركەوتووە. 3-لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێم پلانێك دابنرێت بۆ دانەوەی مووچە نەدراوەكان و مووچە پاشەكەوتكراو و لێبڕینەكان. 4-هەر یاساو بڕیارێك لەلایەن پەرلەمان یان ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە بەرژەوەندی مامۆستایان دەربچێت، مامۆستایانی هەرێمیش بگرێتەوە، یان هەرێمیش جێبەجێی بكات. 5- دوورخستنەوەی دەستێوەردانی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار لە لە كاروباری پەروەردەو و ناوەندەکانی خوێندن. 6- بۆ چارەسەركردنی گرفتی میلاكات، دامەزراندنی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان لەسەر میلاكی هەمیشەیی دەستپێبكات. هەروەها پێویستە رێكخستنی میلاكی قوتابخانەكان و گواستنەوەی مامۆستایان لەسەر بنەمای یاسایی بێت دوور لە دەستێوەردانی حزبی دەسەڵاتدار. ئێمە لەم بۆنەیەدا، لە كاتێكدا ئەم داواكارییە ڕەوایانە دەخەینەڕوو، بەڵێن بە جەماوەری مامۆستایان دەدەین كە هەموو لایەكمان بەیەكەوە هەموو جۆرە خەباتێكی شارستانی بگرینەبەر، بە گردبوونەوەو خۆپیشاندان و هەر ڕێکارێکی تری شارستانی لەپێناوی ماف و ژیانێكی شایستە بۆ مامۆستایان و پاراستنی ڕۆڵ و شكۆی ڕابەرانی پەروەردەو پێشخستنی پڕۆسەی پەروەردەو فێركرن لە هەرێمی كوردستاندا. لەگەڵ رێزدا
ناوی لایەنەكانی مامۆستایان: 1-دەستەی باڵای مامۆستایانی پێشەنگ (کۆمەڵ) 2-دەستەی داکۆکیکردن لە مافی مامۆستایان 3-رێكخراوی پیشەیی مامۆستایان
هەولێر 20/9/ 2025
