تەرمی ئەحمەد عەلوانی پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە بەیرووت دۆزرایەوە دوای چوار ڕۆژ لە بێسەروشوێنبوونی هێزە تەناهییەکانی لبنان تەرمەکەیان دۆزییەوە سەرچاوەیەکی نزیک لە کەسوکاری ئەحمەد عەلوانی سیاسەتوان و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، ئاشکرای کرد کە تەرمی ناوبراو لە شوقەکەی لە بەیرووت دۆزراوەتەوە. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، هێزە تەناهییەکانی لبنان تەرمەکەیان لە ناوچەی (تەریق جەدید) لە ناوەڕاستی بەیرووت بە گیانلەدەستدراوی دۆزیوەتەوە و دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری ڕووداوەکە. ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە پێشتر باڵوێزخانەی عێراق لە بەیرووت لەلایەن خێزانەکەیەوە ئاگادار کرابووەوە کە ماوەی چوار ڕۆژە پێوەندییان لەگەڵ عەلوانی پچڕاوە و مۆبایلەکەی داخراوە. سەرەتا دەزگا تەناهییەکان دەستیان بە گەڕان کردبوو بێ ئەوەی دیار بێت ئایا بەهۆی داواکردنی پارە یان هۆکاری ترەوە بێسەروشوێن کراوە، و باڵوێزخانەی عێراقیش لە پێوەندیی بەردەوامدا بوو لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەکان لە بەغدا بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکە. جێی باسە عەلوانی سەر بە لیستی عێراقییە بوو، لە کۆتایی ساڵی 2013 لە سەردەمی حكوومەتی نووری مالیکی لە ماڵەکەی خۆیدا گیرا، و ساڵی ڕابردوو دوای 10 ساڵ لە مانەوەی لە گرتووخانە، بڕیاری ئازادکردنی درا.
تەرمی پەڕلەمانتارێک دۆزرایەوە

سەیرکراوە:
(846)

Leave a Reply