ئاکام عەبدوڵا سدیق
لە باسەکانی گەندەڵیدا، زۆرجار تەرکیزەکە تەنیا دەچێتە سەر پارە دزراوەکان و قاچاخچێتی لە سنورەکاندا، بەڵام فەزاحەتە هەقە و ڕۆژانەیییەکە ڕێک لە بنەمای داڕشتنی ئابووریی دەسەڵات خۆیدا شارراوەتەوە؛ لەو جیاوازییە زەبەلاح و بەئەنقەستەی کە لە نێوان دوو جیهانی تەواو جیاوازدا دروستکراوە! لە لایەکەوە، فەرمانبەرێکی سادەی سەر بە وەزارەتەکان یان مامۆستایەک هەیە کە دەبێت بۆ وەرگرتنی چەند سەد هەزار دینارێک هەزاران بەڵگەنامە، ژمارەی وەزیفی و مۆر پێشکەش بکات و حساب بۆ سەرجەم خەرجییەکانی بداتەوە؛ لە لایەکی ترەوە، دەستەبژێر و بەرپرسە باڵاکانی دەسەڵات وەستاون کە لە ناو سەروەتێکی ناڕوون،
ئیمتیازاتی بێسنوور، پاسەوانی تایبەت و چەتری پاراستنی سیاسیی هەمیشەییدا مەلە دەکەن بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک بپرسێت ئەم هەموو سامانە لە کوێوە هاتوو لە کاتێکدا مووچەی فەرمییان دیارە! لەم واقیبە تەنزئامێز و تاڵەدا، مرۆڤ ناچارە زمانی حاڵی دەوڵەت بەم شێوەیە دەرببرێت: “دەوڵەت زۆر بە وردییەوە لێکۆڵینەوە لە هەموو دینارێک دەکات کە دەچێتە گیرفانی کارمەندێکەوە، کەچی بەتەواوەتی کوێر دەبێت لە بەرامبەر ملیۆنان دۆلاردا کاتێک دەچێتە سەر حیسابی بەرپرسێک!” ئەم هاوکێشە نا دادپەروەرە نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵات لە عێراقدا گۆڕدراوە بۆ ئامرازێکی سەرمایەگوزاری و خێرا دەوڵەمەندبوون کە تێیدا پۆستی سیادی بەرابەرە بە ئیمتیازاتی هەمیشەیی،
لە کاتێکدا کارکردنی ئاسایی تەنیا بەرابەرە بە ململانێ لەگەڵ هەڵئاوساندا. لێرەدا فەزاحەتە ڕاستەقینەکە تەنیا دزینی پارە لە خەزێنەی دەوڵەتدا نییە لە شەودا، بەڵکو مأسیسەکردن و یاساییکردنی نادادپەروەریی داراییە لە ڕۆژدا! لە کۆتاییدا، تا ئەو کاتەی سیستەمی ئابووریی وڵات پۆستە سیاسییەکان بوبکاتە کانگای ئیمتیازاتی بێشومار و پارێزراو لە لێپرسینەوە، هیچ هەڵمەتێکی دژە گەندەڵی ناتوانێت ڕاستگۆیی خۆی بسەلمێنێت؛ چونکە ڕاستییەکە ڕوونە: دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بەرپا نابێت کاتێک پێوەری پاداشت لە وڵاتدا بەپێی نزیکی لە ناوەندەکانی دەسەڵات دیاری بوبکرێت نەەک بەپێی ماندووبوون و خزمەتی هاووڵاتییان.















Leave a Reply