نووسینگەی ئاماری ناوەندیی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا، ٧٩ ھەزار ئیسرائیلی وڵاتەکەیان جێھیشتووە و ڕوویان لە دەرەوە کردووە.
نووسینگەی ئاماری ناوەندیی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٤دا، ٧٩ ھەزار ئیسرائیلی وڵاتەکەیان جێھیشتووە و ڕوویان لە دەرەوە کردووە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە تەل ئەبیب بە بارودۆخێکی بێ وێنەدا تێدەپەڕێت بەھۆی دەستدرێژییەکانی بۆ سەر ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین و وڵاتانی ھەرێمیی.
نووسینگەکە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە “لەئێستادا، ژمارەی دانیشتووانی ئیسرائیل گەیشتووەتە ١٠ ملیۆن و ١٤٨ ھەزار کەس”.
ڕاشیگەیاندووە، “لەنێو ئەو ژمارەیەدا، حەوت ملیۆن و ٧٥٨ ھەزازیان جوولەکەن و دوو ملیۆن و ١٣٠ ھەزاری دیکەیان عەرەبن و ٢٦٠ ھەزاری دیکەیشیان بیانیین”.
باسی لەوەش کردووە، کە لە ساڵی نوێی عیبریدا، ژمارەی دانیشتووانی ئیسرائیل نزیکەی ١٠١ ھەزار کەس زیادی کردووە، ھەروەھا ڕێژەی گەشەی دانیشتووان گەیشتووەتە ١،٠ لەسەدا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا، ٧٩ ھەزار ئیسرائیلی وڵاتەکەیان جێھیشتووە و ڕوویان لە دەرەوە کردووە و لەبەرامبەردا، ٢١ ھەزار ئیسرائیلی کە بەرەو دەرەوە کۆچیان کردبوو، گەڕاونەتەوە ئیسرائیل.
