محەمەد سەمعان، وەزیری دەوڵەت مەرسوومی کۆماری بۆ دەستبەکاربوون وەرگرت و لەمڕۆ بەدواوە ناتوانێت وەک پارێزگاری کەرکووک کار بکات، هاوکات ڕێبوار تەها، جێگری پارێزگار دەتوانێت وەک پارێزگاری بە وەکالەت کارەکان رایی بکات.
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان فراکسیۆنی یەکێتی، تورکمان و عەرەب، پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە دەوری لە نێوان ئەو سێ لایەنە دەبێت، پێشتر یەکێتی دوو ساڵ پۆستەکەی لابووە کە ڕێبوار تەها، بەڕێوەی دەبرد، لە ئێستاشدا پۆستەکە چەند مانگێکی دیکە دەبێت لە دەستی تورکماندا بمێنێتەوە، دواتر بەپێی ڕێککەوتن دەدرێت بە لایەنی عەرەبی.
دوێنێ یەکشەممە، دوای ئەوەی محەمەد سەمعان، پۆستی وەزیری دەوڵەتی وەرگرت، ڕێبوار تەها کە جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکووکە وتی، بەپێی یاسا من ئێستا پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووکم، بەڵام هێندەی نەبرد محەمەد سەمعان گەڕایەوە بۆ کەرکووک لەسەر کورسی پارێزگار چەند وێنەیەکی بڵاوکردەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە هێشتا دەستبەرداری پۆستەکەی نەبووە و پارێزگارە.
هاوکات شوان داودی، پەرلەمانتاری پێشووتری پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی لە پەیامێکدا دەڵێت: بەپێی یاسا لە کاتی بەتاڵی شوێنی پارێزگار (خلو المنصب) جێگری پارێزگار بەوەکالەت و بەشێوەیەکی کاتی پۆستە پڕ دەکاتەوە، ڕاکان جبوری بۆ ماوەی حەوت ساڵ بەو یاسایە پارێزگاری کەرکووک بوو لە کاتێکدا کورد بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانی خۆیەوە شکستی هێنا لە هەڵبژاردنی پارێزگارێک بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکە.
دەشڵێت: دوای ئەوەی محەمەد سەمعان پارێزگاری کەرکووک بوو بەوەزیر، تا کۆبونەوەی ئەنجومەن و هەڵبژاردنی پارێزگارێکی تر هەرکەسێک بێت یا لە هەر پێکهاتەیەکی تر بێت بەپێی هەمان یاسا جێگری پارێزگار ئەو پۆستە پڕ دەکاتەوە.












Leave a Reply