حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، ڕایگەیاند: مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵی هیچ ململانێیەکی سیاسی و کارگێڕی ناکرێت و ڕەوانە دەکرێت؛ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سوورە لەسەر دابینکردنی مافی هەموو هاووڵاتییانی عێراق لە زاخۆوە تاوەکوو بەسرە و پابەندە بە پاراستنی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان. لەبارەی مووچەی مانگی 10ـی گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستانەوە، پرۆسەی دابەشکردنەکە لە تەواوبووندایە و ئەو مامۆستا و فەرمانبەرە گرێبەستانەی ماون، هەفتەی داهاتوو لە دوو ڕۆژدا هەموویان مووچەکە وەر دەگرن. ٠ سەبارەت بە مووچەکانی ساڵی داهاتووش، بەپێی بەڵێنی عەلی زەیدی و بەرپرسانی باڵای عێراق، ئەگەر بودجە هەبێت و پڕۆژەیاسای بودجە تێپەڕێنرێت، ئەوا مووچە بە یاسای بودجەی 2027 ڕێک دەخرێت؛ ئەگەر بودجەش نەبوو، ئەوا ساڵی داهاتوو مووچە وەکوو ئێستا دەنێردرێت و کێشەی بۆ دروست ناکرێت، واتە لە هەردوو حاڵەتدا مووچە مەترسیی لەسەر نییە و زامنە. لەبارەی مووچەی مانگی 11ـەوە، لە دوێنێوە حکومەتی عێراق دەستی بە دابەشکردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان کردووە و تاوەکو ئێستا حەشدی شەعبی و بەشێک لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ مووچەیان وەرگرتووە. قورساییی دابەشکردنی مووچە دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو و چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو کۆتاییی هەفتە تەواو بێت. ٠ ناردنی مووچەی خەڵکی کوردستانیش دەکەوێتە کۆتاییی هەفتەی داهاتوو یان هەفتەی دواتر و لە شەشی مانگی 12 بەدواوە، بە ئەگەری زۆریشەوە ئەو کات دەنێردرێت، هاوکات وردبینیکردن لە لیستی مووچەخۆرانی کوردستان بەردەوامە و تاوەکو ئێستا هیچ کێشە و گرفتێکی نییە. لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی و ئابووری یەکشەممەی داهاتوو دەست بە ڕێکارەکانی ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی 12 دەکات، بەو ئامانجەی زووتر بۆ بەغدا بنێردرێت. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە هەوڵێک هەیە حکومەتی عێراق مانگی داهاتوو زووتر دەست بە دابەشکردنی مووچە بکات، بەهۆی پاکتاوکردنی حیساباتی ساڵانە و داخستنی بانکەکان بەهۆی پشووی سەری ساڵەوە؛ چونکە حکومەتی عێراق دەیەوێت زوو هەموو کارە داراییەکان یەکلایی بکاتەوە و ساڵی داهاتوو هەر لە سەرەتاوە لە نوێوە دەست پێ بکاتەوە.
بەغدا دوو مووچە دەنێرێت

سەیرکراوە:
(1)










Leave a Reply