بەپێی ڕێنماییەکی وەزیری دارایی، دەسەڵاتی مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران دەدرێتە وەزیر و سەرۆکی دەستەکان، بەڵام بەو مەرجەی لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕێنمایی دارایی تایبەت بە مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران بڵاوکردەوە کە واژۆی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لەسەرە.
بە پێی ڕێنماییەکە وەزیر و سەرۆکی دەستەی نەبەستراو بە وەزارەت مافی پێدانی (مۆڵەتی ئاسایی بێ مووچە)یان هەیە بە فەرمانبەران لە کاتی پێویستدا، بە مەرجێک ماوەی مۆڵەتەکە لە دوو ساڵ تێپەڕ نەکات.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە ماوەی مۆڵەتەکە بۆ هیچ مەبەستێکی خزمەت و خانەنشینی هەژمار ناکرێت.
وەزیری دارایی بڕیاریشی دا کارکردن بە ڕێنماییەکانمان ژمارە (٤ و ١٤)ی ساڵی (٢٠١٥)، (١٧ و ٢٣)ی ساڵی (٢٠١٦)، (١ و ٤ و ١٧)ی ساڵی (٢٠١٧)، (٨ و ١٠)ی (٢٠١٨)، (٣)ی ساڵی (٢٠٢٠)، و (٥)ی ساڵی (٢٠٢٢) ڕابگیرێت.
بەو پێیەش ئەو فەرمانبەرانەی پێش بەرکاربوونی ئەم ڕێنماییە مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە، ئەوا لەبەر ڕۆشنایی ڕێنماییە ئاماژە پێکراوەکانی بڕگەی (سێیەم)ی سەرەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت تا تەواوبوونی ماوەی مۆڵەتەکەیان و ئیتر جارێکی تر نوێ ناکرێتەوە.
هاوکات ئەو فەرمانبەرانەی مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە بەپێی ڕێنماییە ئاماژە پێکراوەکانی بڕگەی (سێیەم)ی سەرەوەی ئەم ڕێنماییە، شایستە نابن بە وەرگرتنی مۆڵەتی ئاماژەپێکراوی بڕگەی (یەکەم)ی سەرەوە، ئەگەر هاتوو کۆی مۆڵەتەکانیان ماوەی (٢) دوو ساڵی پڕکردبووەوە.
لە ڕێنماییەکەدا هاتووە کە هەر فەرمانبەرێک پێش بەرکاربوونی ڕێنمایی ئاماژە پێکراوەکانی بڕگەی (سێیەم)ی سەرەوە، مۆڵەتی بێ مووچەی وەرگرتبێت، ئەوا مۆڵەتەکەی لە چوارچێوەی ماوەی هاتووی بڕگەی (یەکەم)ی سەرەوە هەژمار دەکرێت.
ئەم ڕێنماییە لە ڕۆژی بڵاوبوونەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقائیعی کوردستان) جێبەجێ دەکرێت.









Leave a Reply