مەحەمەد عبداڵڵە حسن
دەرئەنجامی کوشندەتر و مەترسیدارتری خولانەوە لەناو بڵقی سەرقاڵکردن و نمایشە سیاسییە بەردەوامەکاندا، تەنیا ئەوە نییە کە گەنجان ناچار کراون سەرنجیان لەسەر کێشە بنەڕەتییەکان لاببەن؛ بەڵکو ئەوەیە کە ئەم ڕەفتارە سیستماتیکە نەوەیەکی نوێ پەروەردە دەکات کە بڕوای بەوە هێناوە سیاسەت خۆی پرۆسەیەکی تەواو بێمانا و بێئەنجامە. کاتێک گەنجێک دەبینێت هەموو دۆسیەیەکی گەندەڵیی گەورە، هەموو قەیرانێکی وێرانکەری ژێرخان، و هەموو داواکارییەکی ڕەوای جەماوەری، دوای چەند ڕۆژێک لەژێر شەپۆلی سکاندالێکی نوێ یان جەنجاڵی بێبایەخی سۆشیاڵ میدیادا نوقم دەبێت و بە تەواوەتی لەبیر دەکرێت، هیوای بونیادنانەوە لە دەروونیدا بەیەکجاری دەکوژێت.
ئەم بێهیوایییە گشتییە گەنجان تووشی جۆرێک لە سڕبوونی فکری و سیاسی دەکات. لەبری ئەوەی نەوەی نوێ بە ئاگایی و وزەی تازەوە بێتە پێشەوە تا گوشار دروست بوبکات بۆ چاکسازیی ڕاستەقینە، سەپاندنی سەروەریی یاسا، و بونیادنانی دامەزراوەی بەهێز، هەڵوێستی ڕەتکردنەوەی تەواوەتی هەڵدەبژێرێت و تەواوی پرۆسەی سیاسی وەک شانۆگەرییەکی درۆینە سەیر دەکات. کاتێک هاووڵاتییان چیتر چاوەڕوانی ئەوە لە دەوڵەت و حوکمڕانی نەکەن کە ڕێگەوبان نۆژەن بوبکاتەوە، کەرتی تەندروستی ببوژێنێتەوە، یان هەلی کار برەخسێنێت، ئیتر چەمکی دەوڵەتداری مانای خۆی لەدەست دەدات و جێگەی خۆی دەداتە بیابانێکی لەبیرکراو کە تێیدا تەنیا خولیای تاکەکەسی بۆ ڕزگاربوون دەمێنێتەوە.
لە هەناوی ئەم بێهیوایییە مەترسیدارەدا، تاڵترین تەنز لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە بگوترێت: “گەورەترین دەستکەوتی سیستەمی حوکمڕانی لە عێراقدا ئەوە نییە کە خەڵکی لە بەڵێنەکانی خۆی قایل کردووە، بەڵکو ئەوەیە کە نەوەیەکی تەواوی فێر کردووە کە بەڵێن، یاسا و بڕیارەکان تەنیا دەنگەدەنگێکی بێزارکەرن لەسەر شاشەکان!”
کاتێک کۆمەڵگە و نەوەی نوێ بڕوایان بە توانای گۆڕانکاری نامێنێت، دەسەڵاتدارانی گەندەڵ دەگەنە ئارامترین قۆناغی مانەوەیان؛ چونکە مەترسیدارترین ئۆپۆزسیۆن بۆ دەسەڵاتێکی ناکارامە خەڵکی بێهوا نییە، بەڵکو هاووڵاتییەکی هۆشیار و خاوەن داواکارییە. چاکسازیی ڕاستەقینە کاتێک جێبەجێ دەکرێت کە ئەم نەوەیە ڕەتینەکاتەوە تەسلیمی ئەم بێهواکردنە سیستماتیکە بێت، و بڕوا بەوە بهێنێتەوە کە سیاسەت ئامرازێکە بۆ بەڕێوەبردنی جدیی ژیان، نەک تەنیا دەنگەدەنگێکی بێهودە بۆ داپۆشینی تاڵانی.













Leave a Reply