دووشەممە. نیسان 27th, 2026

هەرێم لیستی مووچەی مانگی 10 ڕەوانەی بەغداد دەکات

سەیرکراوە: (1.7K)

کارکردن لە ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی 10 لە قۆناغی کۆتایی دایە و بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە ڕەوانەی بەغداد بکرێت، هەروەک چاوەڕوان دەکرێت سبەینێ دارایی عێراق مووچەی مانگی هەشت ڕەوانە بکات.

یادگار جەبار، سەرپەرشتیاری بایۆمەتریی سلێمانی، بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاند: کارکردن لەسەر لیستی مووچەی مانگی 10 (تشرینی یەکەم)ی مووچەخۆرانی سنووری سلێمانی لە کۆتاییدایە.

ناوبراو دووپاتیکردەوە کە لیستەکە بە سیستمی نوێی “پەیڕۆڵ” ئامادە دەکرێت و پاش تەواوبوونی، ڕەوانەی وەزارەتی دارایی هەرێم و لەوێشەوە کۆتایی ئەم هەفتەیە ئاراستەی بەغداد دەکرێت.

بڕیارە پاش گەیشتنی لیستی مووچەی مانگی 10، شاندێکی تەکنیکی و دارایی لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی بەغداد بکات. شاندەکە لەوێ دەمێننەوە تا وەزارەتی دارایی عێراق پرۆسەی وردبینیی لیستەکە تەواو دەکات.

مانگانە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ڕێگەی سیستمی پەیڕۆڵەوە ئامادە دەکرێت، ئەم سیستمە داتا و زانیاریی تەواوی یەکە ژمێریارییەکانی هەر سێ پارێزگاکە لەخۆدەگرێت.

هاوکات، ژمێریاریی وەزارەتی دارایی عێراق واژۆی لەسەر نووسراوی ناردنی مووچەی مانگی 8ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردووە و بڕیاری خەرجکردنەکەشی ئاراستەی لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق کردووە، بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە 26ی تشرینی یەکەم، پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێم و هەر لە هەمان ڕۆژدا لیستی دابەشکردنی مووچە ڕابگەیەندرێت. بەپێی پلانەکە، دەبێت تا کۆتایی ئەم هەفتەیە سەرجەم مووچەخۆران مووچەی مانگی 8 وەربگرن.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 191 Today: 1,249 📊 Click Here