چوارشەممە. ئازار 4th, 2026

فارس عیسا: پێویستە تا مانگی ١٢ هەموو مووچەی مووچەخۆران ڕەوانە بكرێت

سەیرکراوە: (1.6K)

سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایدەگەیەنێت “بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدا ئەنجامیان داوە، لەم ھەفتەیەدا بەغدا مووچەی مانگی حەوت ڕەوانە دەکات.”

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند،”ئەولەیەوتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ئەوە بووە، کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت، ڕۆژی سێ شەممەی هەفتەی ڕابردووش بڕیار درا مووچەی مانگی حەوت خەرج بکرێت، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانیش ھەندێک ڕێکار پێویستن تەواو بکرێن، ئێمەش وەکو نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەموو ڕێکارەکانمان تەواو کردوون و چاوەڕێ دەکرێت ئەم ھەفتەیە مووچە ڕەوانە بکرێت، بۆیە ئەوەی پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەنجامی داوە و ١٢٠ ملیاریشی ڕەوانە کردووە، تەنیا ماوە بەغدا مووچەکە ڕەوانە بکات.”

ڕوونی کردەوە، ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدا، تەنیا بۆ نەوت و دارایی نەبوو، بەڵکو ئامرازێکی سیاسی بوو بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا، تاوەکو سەقامگیرییەکی سیاسی و دارایی دروست بێت، بۆیە پێویستە تا مانگی ١٢ هەموو مووچەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێن.”

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد “پێشتر مامەڵەی سیاسی لەگەڵ ھەرێم کراوە و داکۆکیکردنی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و شاندەکانی حکومەتی هەرێم و ھەندێک لایەن، بووە ھۆی ئەوەی لەگەڵ حکومەتی عێراق بگەینە ڕێککەوتن، ھیچ بیانوویەک نەماوە تا بەغدا ئەو مووچانەی ماون ڕەوانەیان نەکات، بۆیە لەم ھەفتەیەدا مووچەی مانگی حەوت ڕەوانە دەکرێت، دواتریش کار دەکرێت بۆ ناردنی مووچەکانی دیکە”.

وتیشی: لەبارەی نەوتیشەوە، ڕێککەوتن تەواو بووە و بابەتی داھاتی نانەوتیش خەریکە بگەینە ڕێککەوتن، چاوەڕێ دەکرێت ئەویش ئەم ھەفتەیە تەواو بێت، دواتر ھیچ کێشە نامێنێت، ئەگەر پرسەکان بەسیاسی نەکرێن، لەمەودوا لەگەڵ بەغدا مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان ھەموو مانگێک مووچەی خۆیان لە کاتی خۆیدا وەردەگرن.

دەشڵێت: “حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر ئەرکێکی لەسەر شان بێت جێبەجێی کردووە بۆ ئەوەی مافی خەڵکی کوردستان بەپێی دەستوور بدرێت، بۆیە پێویستە پرسەکان بەسیاسی نەکرێن، ڕێککەوتن کراوە و پێویستە لەمەودوا بەغدا وەکو ھاووڵاتیی خۆی مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بدات، مانگانە لەگەڵ پێدانی مووچەی خەڵکی عێراق، مووچەی خەڵکی ھەرێمی کوردستانیش خەرج بکات، چونکە ناکرێت لەمساڵدا ھیچ مووچەیەکی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بفەوتێت”.

فارس عیسا جەختیشی كردەوە، تاوەکو یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمان پەسەند دەکرێت، گرفت هەر دەمێنێت، بەڵام ئەو ڕێککەوتنەی جێبەجێ کرا، سەقامگیری لە عێراق دروست دەکات، ئەگەر عێراق ھەر گرفتێک دروست بکات، سەقامگیریی سیاسی دەکەوێتە گرفتەوە، بۆیە ئێمە ئیرادەمان ھەیە و سەرۆکی حکومەتیش مکوڕە بەپێی دەستوور بگەنە ڕێککەوتن، ھەر کێشەیەک ھەبێت چارەسەر بکرێت.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 114 Today: 1,890 📊 Click Here